"کوشتنی ژنان هێرشێکە دژی ئازادی ژن"
نورا موسا، ئه ندامی ماڵی ژنان له حەسەکە وتی: کوشتنی ژنان هێرشێکه له دژی ئازادی ژن، پێویسته ئاستی خەباتمان بەرامبەر به هۆشیاری زایەندی بەرز بکەینەوەو زانستی ژنان پێش بخەین.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- دوای ڕاگەیاندنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز، یان شۆڕشی ژنان، هێرشی فرەلایەنە دژی ژنان دەستیپێکرد، ئەو ژنانەی لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ بە خەباتی خۆیان پێشنەگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کرد، ئەوەندەی دژی داگیرکردنی خاکەکەیان تێدەکۆشن، وەک چەمکێکی دژە شۆڕش دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنانیش تێدەکۆشن، ئەو ژنانەی کە دژی ئەو پیاوانە تێدەکۆشن کە ژن قبوڵ ناکەن، شۆڕشێک لەناو شۆڕشدا بونیاد دەنێن، نورا موسا، ئەندامی بەڕێوەبەریی ماڵی ژنان لە حەسەکەی کانتۆنی جزیرەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە هێرش و کوشتنی ژنان و خەباتی ژنان لە دژی ئەو هێرشانە بۆ ئاژانسەکە قسەی کرد.
"ژن بنەمای گەشەسەندنی کۆمەڵگەیە"
نورا موسا باسی لەوەکرد، خەبات و خۆڕاگری ژنان تەنیا لە ئاستی ڕۆژئاوادا سنووردار نەبووە، هاوکات لەگەڵ خەباتی نێودەوڵەتیش یەکگرتوو بووە و وتی: دەزانین شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە، ئەگەر ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگە نابێ، ژن بنەمای گەشەسەندنی کۆمەڵگەیە، خەبات و خۆڕاگری ژنان تەنیا لە ئاستی ڕۆژئاوا سنووردار نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خەباتی نێودەوڵەتیش بوو بە یەک، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان بوون بە پێشەنگ و سەرباز و سیاسەتمەدار و فەرماندە و بەڕێوەبەر و مامۆستا و زانا و خەباتکار، بەمەش ژنانی ڕۆژئاوا بوونە نموونەی هێز و ئیمان و ئیرادە بۆ هەموو ژنانی جیهان.
"ژنانی پێشەنگ و زانا دەکرێنە ئامانج"
نورا موسا ئاماژەی بەوەدا کە ژنان بە تێکۆشانی خۆیان یەکگرتوویی ژنانیان لە هەموو جیهاندا بونیادنا و وتی: لەبەر ئەوەی ژنان لە ڕۆژئاوا هەوێنی بونیادنانەوەو پەرەپێدانی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکە کە پشت بە ئازادی ژنان دەبەستێت، بە دوو لایەن دەکرێنە ئامانج، لە لایەکی دیکەوە ژنانی پێشەنگ و بەڕێوەبەر و زانا لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، بەڵام خەبات و خۆڕاگری ژنان ئەنجامێکی باشی خوڵقاند، ژنان لە هەموو جیهاندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکگرتوویی خۆیان بونیادناو دژی پیاوسالاری تێدەکۆشن.
"ئەو ژنانەی نەریتە سەپێندراوەکانی کۆمەڵگە قبوڵ ناکەن دەکوژرێن
نورا موسا ئاماژەی بەوەدا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای پەروەردە لەسەر بنەمای تێڕوانینی هەڵە دامەزراوە و وتی: ژنان لە کۆمەڵگەدا بە هۆکاری جۆراوجۆر دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن، ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەسەر سیستمی دەوڵەت نەتەوە پەروەردە کرابوو و تەنیا یەک ڕەگەز بوو، ژنی وەک ڕەگەزێکی لاواز ناساند، دەوڵەت کۆمەڵگەی کردووە بە کۆیلەی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ژنیش کراوە بە کۆیلەی پیاوان، زۆر بڕگە، یاسا دەرچووە و هۆکارەکانی نیشان دەدات بۆیە ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا هەمیشە تووشی هەموو جۆرە توندوتیژی و ئەشکەنجە و لێدان و هاوسەرگیری پێشوەختە و کوشتن دەبنەوە، ئەو ژنانەی کە نەریتە سەپێندراوەکانی کۆمەڵگە قبوڵ ناکەن دەکوژرێن.
"هێرشەکان بۆ سەر ژنان بەردەوامن"
لە کۆتایی قسەکانیدا، نورا موسا ئاماژەی بەوەدا، کوشتنی ژنان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگە و وتی: بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان پێویستمان بە خەبات و خۆڕاگری و شەڕی زهنییەت هەیە، چونکە کوشتنی ژن کوشتنی زانستە. دەتوانین ئەمە بە شەڕی دژی زانستی ژنان پێناسە بکەین، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤وە تەنها لە حەسەکە و دربەسپیو ناوچە گوندنشینەکانی تل تەمر چوار ژن کوژراون، وەک ڕێکخراوی ژنان و ماڵی ژنان و دامەزراوەکانی ژنان و هەموو ژنانی جیهان پێویستمان بە بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات دژی هۆشیاری زایەندی و پێشخستنی زانستی ژنانە بۆ ئەوەی بتوانین بە ژیانێکی ئازاد لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بژین.