خوێندکارانی کۆبانێ: بڕیاری کەیسی کۆبانێ بەشێکە لە سیاسەتەکانی قڕکردن
یەکێتی قوتابیانی وڵاتپارێزی کۆبانێ ڕایگەیاند، بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانێ بەشێکە لە سیاسەتەکانی قڕکردن.
ناوەندی هەواڵ
کاردانەوەکان دژی بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانی لە زیادبووندایە، یەکێتیی خوێندکارانی وڵاتپارێزی کۆبانێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر ئەو بڕیارەی دۆسیەی کۆبانێ دەربڕی و ڕایگەیاند، بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانێ سیاسی و نایاسایین.
بەیاننامەی یەکێتی قوتابیانی وڵاتپارێز لەلایەن ڕۆدین ئەلعوسەی خوێندرایەوە و ڕایانگەیاند، "دادگای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سزای بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی دیکەی هەدەپە لە دۆسیەی کۆبانێدا سەپاند، بڕیارەکانی دادگای دەوڵەتی تورکیا بڕیاری سیاسی و نایاسایین، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٤ گەلی کورد پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی کۆبانێ و دژایەتی خۆیان بۆ هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش لەگەڵ ڕاپەڕینی کۆبانێ نیشان دا".
"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت گەلی کورد لەناو ببات"
خوێندکاران ئەوەشیان خستەڕوو، "بەرخۆدانی کۆبانێ کە لە لایەن شەڕڤانانی هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەڕێوەچوو، پلانەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ کۆمەڵکوژی گەلی کورد پووچەڵ کردەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت گەلی کورد لەناو ببات، ئەو بڕیارانەی کە دراون بەشێکن لە سیاسەتەکانی لەناوبردنی گەلی کورد، ئێمە وەک یەکێتی قوتابیانی وڵاتپارێز و بەتایبەتی وەک خوێندکارانی بەشی یاسا، بڕیارە نایاساییەکانی دادگای دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین و ئەو بڕیارانەی کە دراون بڕیاری سیاسین و لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکانن".
جەختیشیان کردەوە کە، چۆن سیاسەتمەدارانی هەدەپە و خەڵکی باکوور لەگەڵ ڕاپەڕینی کۆبانێ پاڵپشتی کۆبانێیان کرد، ئێمەش ئەمڕۆ پشتیوانی خەڵکی باکوور دەکەین و سڵاو لە هەموو زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە خەباتی خۆمان لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا بەرز دەکەینەوە".