لە ڕۆژی جیهانی باڵندە کۆچەرییەکان چەندین نەورەس مرداربوونەوە
لە ڕۆژی جیهانی باڵندە کۆچەرییەکان، لەناوچوون و مردنی بە کۆمەڵی نەورەسەکان بووەتە جێگەی پرسیار
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی باڵندە کۆچەرییەکان، دیمەنی لەناوچوون و مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی زێی بچوک لە دووکان، بووەتە هۆی مایەی نیگەرانی هاوڵاتیان، بەوهۆیەش ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو:
لە ساڵانی ڕابردوو، کاتێ نیشتمانی نەوڕەسەکان بەڕووی هاوڵاتیاندا کراوە بوو، ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە داوایان کرد کە ناکرێ مرۆڤ تێکەڵی ئەو سرووشتە بکرێ چونکە دەبێتە هۆی لەناوچونیان، هەر بۆیە ئەمڕۆش ئەو دیمەنە دەبیندرێت.
مرداربوونەوەی نەورەسەکان لە ئێستادا بۆ دوو هۆکار دەگەڕێندرێتەوە، گۆڕانی کەش و هەوا و ڕژاندنی دەرمان و ژەهر، بەمەبەستی ڕاوکردنی ماسی لەلایەن ڕاوچییەکانەوە.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە، هۆکارەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، ئەگەر لەم ڕووداوەدا هەر کەسێ دەستی هەبوو بە توندترین شێوە سزا بدرێت.
جگە لەوەش داوا دەکەن، ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدرێ بەناوی وێنەگرتن و بینینی نەورەسەکان سەردانی ئەو شوێنانە بکات کە تایبەتە بە نیشتیمانی نەورەسەکان.