پەدەکە لە هەولێر بە هەڵواسینی ئاڵای تورکیا پێشوازی لە هاتنی ئەردۆغان دەکات
سەرەڕای هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان، پەدەکە بە هەڵواسینی ئاڵای تورکیا لە شەقامەکانی هەولێر پێشوازی لە هاتنی تەیب ئەردۆغان دەکات.
ناوەندی هەواڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ٢٢ی نیسان، تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراق و هەولێر بکات کە ئامانج لێی داگیرکاری زیاترە لەسەر خاکی باشووری کوردستان و بەردەوامی دانە بە ئۆپەراسیۆنەکانی.
پەدەکە کە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان بێدەنگەو پشتیوانێکی سەرەکی هێرشەکانە، شەقام و ڕێگا سەرەکییەکان و قەڵای هەولێری بۆ پێشوازیکردن لە ئەردۆغان بە ئاڵای تورکیا ڕەنگڕێژ کردووە.
دانانی ئاڵای تورکیای داگیرکەر لە شەقام و ڕێگا سەرەکییەکانى هەولێر بۆ ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە دەوڵەتى تورک ناوچە جیاوازەکانى هەرێم بۆردوومان دەکات وهاوڵاتییان دەکاتە ئامانج، لە جیاتى ناڕەزایەتى دەربڕین دژی شەهیدکردنى هاوڵاتییانى مەدەنی و داگیرکردنی خاکی کوردستان و تاڵانکردنى دارستانەکانى هەرێم، شەقامەکانی هەولێر هەمووی ئاڵای تورکیایان پیادا هەڵواسراوە و قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا سوور کراوە.
جێی ئاماژەیە، بەهۆی بۆردوومان و تیرۆری دەوڵەتی تورکەوە لە باشووری کوردستان شەوی ١٣ی نیسان، هاوڵاتییەک لە گوندی گەڵاڵەی ماوەت گیانی لەدەستدا، هەروەها لە شەوی ١٨ی نیسان دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆردوومانى سنووری برادۆستى کرد و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا، جگە لە بۆردوومانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی مەتینا، گارە، شارباژێر و چەندین ناوچەی دیکەی باشووری کوردستان، کە ئامانجی سەرەکی لێی بە ئامانجکردنی هاوڵاتیان و داگیرکردنی خاکی کوردستانە.