پارتی سەوزی کوردستان: مەترسی لەناوچوونی سەدان باخ و سێ ملیۆن درەخت هەیە

پارتی سەوزی كوردستان ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی بڕیارێكی حكومییەوە مەترسی لەناوچوونی ٢٢٥ هەزار باخ و ٣ ملیۆن درەخت هەیە.

ناوەندی هەواڵ


ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوزی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی كارەبا بۆ زیادكردنی كرێی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان، مەترسی لەناوچوون لەسەر زیاتر لە ٢٢٥ هەزار باخ و زیاتر لە ٣ ملیۆن درەخت دروست دەكات.


وتوشیەتی، چونكە وزەی كارەبا هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی ئاوی زەوی و درەختەكان بدرێت، بۆیە داوا دەكەن ئەو بڕیارە نادادپەروەرانە دژی ژینگە هەڵبوەشێندرێتەوە و ڕێوشوێنی گونجاو بگیردرێتە بەر.


پارتی سەوزی كوردستان ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو بڕیارە كاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت و ئۆكجسین لە كەشدا كەمدەكاتەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كە ئەركێكی دارایی سەختە لەسەر هاوڵاتیان كە خۆیان بەهۆی دواكەوتنی موچەوە روبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە.