ئاگر لە دارستانەکانی بەلوچستان و چیاکانی کوردستان کەوتەوە

دەیان دارخورما و چەندین هێکتار لە لەوەڕگە لە دارخورماکانی کەناری ڕووباری سەرباز لە بەلوچستان و لە چیای مەرخیل لە ڕۆژهەلاتی کوردستان سووتاون.

ناوەندی هەواڵ

 

٨ی حوزەیران لە دارستانەکانی کەناری ڕووباری سەرباز لە نزیک گوندی مێژوویی کجوم لە سیستان و بەلوچستان ئاگریان گرت، بەپێی زانیارییەکان بەهۆی نەبوونی ئاگرکوژێنەوە زۆرێک لە دارخورما و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوچوون، بەڵام خەڵکی ناوچەکە تا ڕادەیەک توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

هەروەها ٦ی حوزەیران لە شاخەکانی کرماشان، بوزین و مەرخیل سەر بە قەزای پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر کەوتووەتەوە.

 

قەبارەی ئاگرەکە لەم ناوچەیە بە ١٦ هێکتار مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا ماوەیەک دوای ئاگرکەوتنەوەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی کرماشان ڕایگەیاند کە ئاگرەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و ئەفسەرانی ژینگەپارێزی کۆنترۆڵکراوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە ئاگرەکە وایە لەم بوارەدا چڕتر دەبێتەوە.

 

سەرەتای وەرزی گەرما و خراپ بەکارھێنانی ھەندێک دامودەزگا و تاک بۆ پێشخستنی ئامانجە حکومی و کەسییەکان لە سایەی ناکارامەیی و نەبوونی ڕێوشوێنی گونجاودا، دەبێتە ھۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لە ناوچە جیاجیاکان و لەناو ئەوانەشدا دەتوانین ئاماژە بە چیاکانی مەریوان بکەین، کە ساڵانە لەگەڵ پلانە سیاسییەکانی حکومەتدا چەندین جار ئاگر کەوتنەوە ڕوودەدات.