بۆ جاری دووەم شوشەی گۆڕی ژینا ئەمینی شکێنرا

ئەشکان ئەمینی برای ژینا ئەمینی هەواڵی شکاندنی شووشەی گۆڕی خوشکەکەی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢١ی ئایار، ئەشکان ئەمینی، برای ژینا ئەمینی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی گۆڕی خوشکەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆ جاری دووەم شوشەی گۆڕەکەی شکاوە و نوسیویەتی: "شوشەی بەردی گۆڕەکەت ئازاریان دەدات. ئەوان هەزار جار بیشکێنن، جارێکی تر چاکی دەکەینەوە، با بزانین کێ ماندوو دەبێت، بۆ جاری دووەم".

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا هەواڵی زۆر لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا گیانیان لەدەستدا سەبارەت بە شکاندنی بەردی گۆڕ، لەناوبردن یان ڕشتنی تێزاب بەسەر گۆڕەکانیاندا بیستراوە، هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژێمی ئیسلامی وەک هەر دیکتاتۆرێکی دیکە تەنانەت لە بەردی گۆڕی شەهیدانی ڕێگای ئازادیش دەترسێت.

 

بەردی گۆڕی یەڵدا ئاغا فەزلی، موحسین شیکاری، بێهنام لایەقپوور، جەواد حەیدەری، زانیار ئەبوبەکری و چەند خۆپیشاندەرێکی دیکەی کوژراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شکێنراوە، هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی حکومەت بە ڕشتنی تێزاب بەسەر گۆڕی مردووەکاندا، هێما و نووسینەکانی سەر گۆڕەکانیان دەسڕنەوە.