دوو تاوانباری دەستدرێژی و کوشتنی منداڵان لە عێراق سزای لەسیدارەدانیان بۆ دەرکرا
بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی و كوشتنی منداڵان، سزای لە سێدارەدان و زیندانیی بۆ سێ تاوانبار لە عێراق دەرکرا.

ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویكردووەتەوە، رۆژی دووشەممە، ١٥ی ئایار، دادگای تاوانەكانی بەسڕە سزای لە سێدارەدانی بەسەر كەسێكدا سەپاند، كە لە مانگی ڕابردوودا دەستدرێژی سێكسی كردبووە سەر کچێکی منداڵ و دواتر كوشتی و تەرمەكەی لەناو خۆڵ و خاشاكدا فڕێدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، دادگای تاوانەكانی ڕەسافە سزای لە سێدارەدانی بەسەر تاوانبارێكی دیکەدا سەپاندووە، كە لە بەغدا دوو منداڵی کچی ڕفاندووە و دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەریان.
هەروەها ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، دادگای تاوانەكانی سەڵاحەدین سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر تاوانبارێكدا سپاندووە كە دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر منداڵێكی كوڕ.