ناڕەزایەتی جەماوەری لە تاران
خۆپیشاندەران کە شەوی ڕابردوو لە شەقامەکانی تاران چالاکییان ئەنجامدا، جەختیان لەوەکردەوە، تا ئازادی بەدەست نەهێنن گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکەن.

ناوەندی هەواڵ
ڕاپەڕینی گەلان لە ئێران دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی' دەستیپێکرد و ماوەی ٧ مانگە بەردەوامە. شەوی ڕابردووش لە تارانی پایتەختی ئێران ڕێپێوانی گەورەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، کە سەرەڕای ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، خۆپیشاندەران دروشمیان دژی ڕژێمی ئێران وتەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان.
خەڵکی تاران وێنەی ئەو کەسانەیان بەرز کردەوە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە و دروشمی "تا ئازادیمان بەدەست نەهێنین، گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکەین"یان وتەوە، هێزە ئەمنییەکان کە دەیانویست دەستوەردان بکەن لە ناڕەزایەتییەکەدا، هێرشیان کردەسەر خەڵک و چەندین کەسیان دەستگیرکرد.