ژنانی ئازادیخواز کار و چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان خستەڕوو

بەهۆی ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کورستان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ئاهەنگ ناگێڕن و چالاکیەکانیان بۆ ئەمساڵ دەگۆڕن بۆ سیمینار و ڕێپێوان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی شاری سلێمانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کار و چالاکیەکانیان بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، ڕێپێوانی ژنە بەرەو شۆڕشی گەلان" خستەڕوو.

 

شەهێن محەمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان پیرۆز بێت، دوو سەدەیە ژنان دەنگیان هەڵبڕیوە بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانیان، ئەمڕۆ ژنان نوێنەرایەتی هێڵێکی نوێی تێکۆشانی دیموکراتیک دەکەن، "ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن،  تا ئێستا دەسەڵاتی پیاوسالاری ژنان دەچەوسێنێتەوە، جێگەی خۆشحاڵیە ئەمڕۆ ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ پێشکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن، ئێمە وەکو ژنان هەموو ساڵێک پلانی ئاهەنگ گێڕانمان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ پلانەکانمان جیاوازە بەهۆی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە".

 

شەهین محەمەد چالاکییەکانی بەمشێوەیە خستەڕوو؛

-٢ی ئادار، سەردانی ماڵی خاوەن شەهیدەکان دەکرێت و نەمامیان پێشکەش دەکرێت.

-٥ی ئادار، کۆنگرەی ستار لە هۆڵی خاک سیمینارێک پێشکەش دەکات.

-٦ی ئادار، سەردانی ژنانی ئیشکەر و خاوەن کار دەکەن و گوڵیان پێشکەش دەکرێت، هەر هەمان ڕۆژ لە پارکی هەواری شار بۆ ڕۆحی پاکی ژینا ئەمینی ١٦ نەمام دەچێنرێت و ١٦ مۆمیش دادەگیرسێنن.

-٨ی ئادار، ڕێپێوانی ناوەندی بەڕێوەدەچێت لە سەهۆڵەکەوە بۆ پارکی نالی.

 

"بەردەوام دەبین لە کار و چالاکیەکانمان"

بانوو هەڵبجەیی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک وتی: ڕۆژی ٨ی ئادار پیرۆز دەکەم لە تەواوی ژنانی کوردستان بە تایبەتی ئەو ژنانەی لە تێکۆشاندان بۆ ئازادی گەل و خاکەکەیان، ئێمە ئاهەنگ ناگێڕین بەهۆی کارەساتەکانەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی کار و چالاکیەکانمان.