دووەم بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان ڕوویدا و چەند باڵەخانەی دیکە ڕووخان
بۆ جاری دووەم بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان ڕوویدا و چەند باڵەخانەیەکی دیکە ڕووخان لە هەرێمی کوردستانیش هەست بە بوومەلەرزە کرا، سەرباری زۆری زیانە گیانی و مادییەکان دەوڵەتی تورکیا باری نائاسایی ڕانەگەیاندووە.
ناوەندی هەواڵ
کاتژمێر ١:٢٤ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم بوومەلەرزەیەكی دیکە بە گوڕی ٧.٦ لە شاری مەڕەش و بە گوڕی ٦.٥ لە شاری دیلۆكی باكوری كوردستانی هەژاند و چەندین باڵەخانە ڕووخان و ژمارەیە هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان هاوڵاتیی كەوتوونەتە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەكانەوە.
بومەلەرزەكە بە گوڕێكی كەمتر شارەكانی تری باكووری كوردستانی گرتووەتەوە و هاوڵاتیان ترس و دڵەڕاوكێیان لا دروستبووە، بەڵام دەسەڵاتی توركیا تائێستا باری نائاسایی ڕانەگەیاندووە، کە شارەکانی مەڕەش، غازی عەنتاب، ماردین، كلیس، سێرت، باتمان، چەولیك، عەلەزیز، ماڵاتیا، موش، بەدلیس، جولەمێرگ، ئامەد، ڕەحای باكوری كوردستان و ئەدەنە و عوسمانیانی توركیای گرتووەتەوە.
بەهۆی بەهێزییەكەیەوە، بوومەلەرزەكە سوریاشی گرتووەتەوە و هەریەك لە شارەكانی شام، لازقییە و حەلەب-یشی هەژاندووه و بەو هۆیەوە چەندین باڵەخانە تەختی زەوی بوون و بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی سوریا، تائێستا نزیكەی ٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٠٠ کەس بریندار بوون.
هاوکات پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ بوومهلهرزه لە چەند ناوچەیەکى ههرێمی كوردستان ڕوویدا، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى و ماددى بە دواى خۆیدا نەهێناوە، بەپێى زانیارییەکان کاریگەرى بوومەلەرزەکە لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هاوڵاتیان هەستیان پێكردووە.