بەغدا، دژی کوشتنی تیبە و زیادبوونی توندوتیژییەکان خۆپیشاندان کرا

گروپێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد بکوژی تەیبە عەلی دادگایی بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی٣١ی کانوونی دووەم بلۆگەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی تەیبە عەلی لەلایەن باوکیەوە، لە پارێزگای دیوانییەی عێراق  کوژرا، دوێنێ، ٦ی شوبات کۆمەڵێک چالاکوانی مافی ژنان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەڵوێستی خۆیان دژی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان نیشاندا، هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان و دەرکردنی یاسایەک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی بەتایبەتی توندوتیژی خێزانیان کرد.

 

مردنی تیبە عەلی شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی لە عێراقدا بەدوای خۆیدا هێنا، نیگەرانییەکانیش زیاتر بوون لە نەبوونی یاسای پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان، بەتایبەتی توندوتیژی خێزانی کە پێی دەوترێت کوشتنی شەرەف.

 

هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا ڕێگریان لە کۆبوونەوەی ژنان لە بەردەم بینای ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کرد و خۆپیشاندەران لە شەقامێکی دوور لە بینای ئەنجومەنەکەدا گردبوونەوە، ژنان پانکارتی "واز لە کوشتنی ژنان بێنن"، "ئێمە یاسایەکمان دەوێت کە ژنان بپارێزێت، بەتایبەتی یاسای دژە توندوتیژی خێزانی" و "داواکاری دادگاییکردنی بکوژەکەی تەیبە عەلی"یان بەرز کردەوە.

 

پاشان شاندێکی چالاکانی مافی ژنان لە نێویاندا هانا ئێدوار، چالاکوانی دیاری فێمینیست، لەگەڵ بەرپرسێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە بۆ خستنەڕووی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و چالاکوانان.