خوێندکارێک: دەرماڵە بەشێکی سەرەکی بژێوی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانە
خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە دژی پێنەدانی دەرماڵەی خوێندکاران گردبوونەوە و باس لەوەدەکەن، بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە دەرماڵە بەشێکی سەرەکی بژێوی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانە.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆکەیان گردبوونەوە و داوای پێدانی دەرماڵەکانیان دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
بەفرین عومەر، خوێندکار لە زانکۆی هەڵەبجە باس لەوە دەکات لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە دەرەماڵەی خوێندکاران نەدراوە، وتیشی: دەرماڵە بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان گرنگە، چونکە خوێندکار هەیە بە چوار مانگ یەکجار توانای هەیە بچێتەوە لای خێزانەکانیان و هەندێکیان بە دوو پاس دەگەنەوە شارەکەی خۆیان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا زانیار فەرەیدون، نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی باسی لەوەکرد بەرامبەر بڕینی دەرماڵە ئەگەر تاوەکو سێ شەممەی داهاتوو وەڵام نەدرێنەوە ئەوە هەڵوێستیان دەبێت و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، جەختیشیان کردەوە کە هیچ لایەنێکی حزبی ناتوانێت خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببات.
جێی ئاماژەیە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ەوە تاوەکو ئێستا دەرماڵەی خوێندکاران دابەشنەکراوە، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش هیچ بڕیارێکی یاسایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە نەدراوە.