نیاز عەبدوڵا: نەبوونی هێزێکی نیشتمانی ڕێگەی بۆ میت و ئیتلاعات خۆشکردووە
نیاز عەبدوڵا لەبارەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل و سەردانەکەی هاکان فیدان لە هەمان ڕۆژدا دەڵێت: : لە سایەی نەبوونی هێزێكی دامەزراوەیی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان، میت و ئیتڵاعات ئاسانكارییان بۆ رەخساوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/10/20221007-311319750-10159811424769933-3008084763084461697-n-jpg11539e-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
٤ی تشرینی یەکەم ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و فێمینیست و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە دەستی سیخوڕی تیرۆرکرا، هەمان ڕۆژ هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا لە هەولێر بوو و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکاندا و بەتایبەت بەرەی تورکمانی کۆبووەتەوە.
ئەم ڕێکەوتە جێی گومانە و لەوبارەیەوە، نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی دەنووسێت: یەك رۆژ لە دوای تیرۆركردنی ناگیهان ئاكارسەل، سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی، هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میتی توركیا گەیشتە هەولێر و "لەلایەن هێزێكی تایبەتی هەولێرەوە پاسەوانی كراوە" و لەگەڵ بەرەی توركمانی كۆبووەتەوە.
نیاز عەبدوڵا باس لە ئەمنییەتی باشووری کوردستان دەکات و وەها دەڵێت: لە سایەی نەبوونی هێزێكی دامەزراوەیی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان، میت و ئیتڵاعات ئاسانكارییان بۆ رەخساوە زیاتر دەستێوەردان بكەن و ئەجێندا سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانیان جێبەجێ بكەن، تیرۆریستەكانیشیان بە تەواوی دەربازیان ببێت لە لێكۆڵینەوە و سزای یاسایی".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، مەسرور بارزانی بە بیانووی "سیخوڕیكردن و تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی و پاڵپشتیكردنیان لەلایەن دەستی دەرەكییەوە"، دەیان رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بادینانی خستە زیندان كە تەنیا رەخنەیان لە داگیركاری توركیا و گەندەڵییەكانی حكومەت دەگرت، بەڵام سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا لەگەڵ بەرەی توركمانی كۆدەبێتەوە ناوی نانێت دەستتێوەردانی دەرەكی و تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی؛ لە كاتێكدا بەرەی توركمانی كە بەشدارە لە كابینەی ٩ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دان بە كوردستانیبوونی كەركوكدا نانێت و هەرگیز دژی تیرۆر و بۆردومانەكانی توركیا نەبووە بۆ سەر خەڵك و گوند و نەخۆشخانەكانی سەر خاكی هەرێم.