ئەفغانستان، لە ماوەی ٤ ڕۆژدا ١٩ منداڵ کوژراون
لە ماوەی ٤ ڕۆژدا ١٩ منداڵ ژیانیان لەدەستدا، بەهۆی مین و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/05/20220529-20220529-jpgcfa7f6-image-jpge9cf6b-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئامارە فەرمییەکان ئاشکرای دەکەن، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ١٩ منداڵ لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە بەهۆی هێرش و تەقینەوەی ئەو چەکانەی پاشماوەی جەنگن و بەجێماون.
ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ئایار، لە باوچەی باغی ئەمیر لە شاری قەندوز لەکاتی یاریکردن بە گولـلە هاوەنێکی پاشماوەی جەنگ دوو منداڵ کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ئایار، ١٦ منداڵی دیکە لە کابولی پایتەخت و شاری مەزاری شەریف کوژراون، هەروەها ڕۆژێک پێش ئەوەش لە هێرشێکدا کە مزگەوتێک و سێ مینی پاسیان کردووەتە ئامانج، منداڵێکی دیکە لە ڕووداوێکی دیکەدا کوژرا، لەکاتێکدا کە تەقەمەنییەکی پاشماوەی شەڕ لە پارێزگای ئوروزگان تەقییەوە.