بنەماڵەکانی عەفرین: دەوڵەتی تورک ڕێگری لە هاوکارییەکان دەکات

بومەلەرزەکەی مەڕەش کاریگەری گەورەی لەسەر ناوچەی جێندرێسی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو کرد و بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە، چادریان بۆ پرسە لە شەهبا هەڵکردووە.

شەهبا

 

لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەدا کە لە ٦ی شوبات ڕوویدا لە ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، هاوڵاتیانی ناوچەی جندرێسی کانتۆنی عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون، زیانی مادی و گیانیان پێگەیشتووە، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانیش برینداربوون، هەروەها تا ئێستا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەردەوامە، بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی جێندرێس چادرێکی سەرەخۆشییان لە ناوچەی ئەحداس لە کانتۆنی شەهبا کردەوە.

 

بنەماڵەو کەسوکاری ئەو کەسانەی لە جێندرێس گیانیان لەدەستداوە، ڕایانگەیاند، کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکردووە، ڕێگە بە هاوکاری نادەن بگاتە ناوچەکە، خۆشیان هیچ کارێک ناکەن بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی زیانلێکەوتوو.

 

سەدان کەس ڕوویان کردە چادری سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست، دوێنێ چادرەکە کرایەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، وێنەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەی جێندرێسەوە گیانیان لەدەستداوە لە چادرەکەدا هەڵواسراون، ئەو ژنانەی کە لە چادری سەرەخۆشیدا ئامادەبوون، بۆچوونی خۆیان بۆ ئاژانسی نوژنها خستەڕوو.

 

لە جێندرێس سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە

جیهان ئیسماعیل، ئەو قوربانیانەی بەبیرهێنایەوە کە لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی جێندرێس گیانیان لەدەستدا و وتی: "سەدان کەس لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە، ئێمە یادیان دەکەینەوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین ئازار و برینەکانمان وەک یەکن، ئێمە ئامادەین لەگەڵ گەلی خۆمان لە جێندرێس بوەستین، بەداخەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورک لەبەردەم هاوکارییەکان دەبیتە ڕێگر و ناهێڵێت هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە ناو جێندرێس، هەروەها ڕێگە بە تیمە فریاگوزارییەکان نادات کە تێپەڕن و خەڵک لەژیر بینا رووخاوەکان ڕزگار بکەن، دەوڵەتی تورک سنوورەکان دەگرێت و پێویستە دەوڵەتانی نێودەوڵەتی دژی تورکیا بوەستنەوە دەرگای یارمەتی بە خێرایی بکرێتەوە.

 

سەدان کەس لەژێر بینا رووخاوەکاندان

فاتمە حسێن رەشۆ، خەڵکی ناوچەی جندرێس، ئاماژەی بەوەکرد، کە هێشتا خەڵکی جندرێس لە ژێر بینا رووخاوەکاندان و دەبێت ئەو هاوکارییانە پێشکەش بکرێت، ماوەی هەفتەیەکە سەدان کەس لە جێندرێس کەوتوون و تا ئێستا هیچ هاوکارییەکیان بۆ نەکراوە، وتیشی: "دەوڵەتی تورک ڕێگری لە هاوکارییەکان دەکات و سنور دادەنێت، بە کردنەوەی چادری سەرەخۆشی ویستمان لەگەڵ گەلەکەمان بین و هاوسۆزی خۆمان نیشانبدەین، دڵمان بەهۆی ئەو قوربانیانەوە دەسوتێت دەبێت کۆببینەوە و لە چاوەڕوانی هیچ یارمەتییەکدا نەمێنین".