سیئۆل شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلی ژنان لادەبات

سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دوای ١٤ ساڵ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ژنان لادەبات، کە وەک پارێزگارییەک تایبەت بە ژنان دروستکرابوو.

ناوەندی هەواڵ

 

شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلی تایبەت بە ژنان لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە سیئۆلی پایتەختی کۆریا بڕیاری دامەزراندنی بۆ درا لە دوای چەندین تاوانی توندوتیژی کە لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلەکان بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرا.

 

بەڵام لە ئێستادا بەرپرسانی شارەکە دەڵێن ئیتر ئەو جۆرە شوێنانە پێویست نین و دەگۆڕدرێن بۆ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ خێزانەکان، ئەمەش دەنگۆ و ڕەخنەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕەخنەگران دەڵێن لابردنی شوینی وەستانی ئۆتۆمبیلی تایبەت بە ژنان بڕیار و سیاسەتێکی دژ بە فێمینیستەکان لە کۆریای باشوور.

 

لە کاتێکدا ژنان بۆ ڕاگەیاندنەکانی کۆریای باشوور قسەیان کردووە و ئاماژەیان بەوەداوە کە بەکارهێنانی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلی تایبەت بە ژن وایان لێدەکات هەست بە سەلامەتی بکەن، بەڵام لە ئێستادا ژنان هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن و دەڵێن کاتێک دەچنە ناو ئۆتۆمبیلەکانیان ڕاستەوخۆ دەرگاکانی قوفڵ دەکەن و ڕۆژانە چەندین هەواڵی توندوتیژی دژ بە ژنان لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلەکان بڵاودەکرێتەوە

 

سیئۆل گەورەترین شاری کۆریای باشوورە، وەستانی ئۆتۆمبێلەکان کە زیاتر لە ٣٠ شوێنی تێدایە، پێویست بوو ٪١٠ بۆ ژنان تەرخان بکرێت، بەڵام کەمتر لە ٢٠٠٠ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە کۆی ١٦٦٤٠ شوێنی وەستانی گشتی بۆ ژنان تەرخانکرابوو، ئەوانەش زیاتر لە نزیک دەرگای بیناکان بوون بۆ ئەوەی ژنان لە تاریکیدا بە ژێرزەمینەکاندا بڕۆن.

 

ئامارەکانی حکومەت لە ساڵی ٢٠٢١دا دەریانخستووە کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو تاوانە توندوتیژانەی کە لە وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی شارەکەدا ئەنجام دەدرێن تاوانی سێکسی بوون: دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن.

 

ئەم هەنگاوەش لە درێژەی هەنگاوەکانی کۆریای باشوور هەژماردەکرێت لە دژی فێمێنیستەکان و چالاکوانانی مافی ژنان کە لە هەوڵی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنانن، حکومەتی ئێستای کۆریای باشووە دەستەواژەی "یەکسانی جێندەری" لە مەنهەجی پەروەردەیی قوتابخانەکان لابردووە و هەوڵی داخستنی وەزارەتی یەکسانی جێندەری دەدات.

 

لە وەڵامی ڕەنخەنکاندا حکومەت ئاماژەی بەوەداوە کە ڕۆشتن بە پێ لە ١٠٠ مەتر زیاتر نیە و نابێتە هۆی مەترسی لەسەر ژنان و شوێنەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل بە کامێرای چاودێری کۆنترۆڵکراون، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل کە تەنها بۆ ژنان دروستکرابوون بۆ یەکەمجار لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەڵمانیا ناسێندرا، لە کۆریای باشوور مشتومڕی لەسەر دروست بووە.