فەڵەستینییەکان بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنن

فەلەستینییەکان دەڵێن بەزەحمەت دەتوانن ئاوی پێویستیان دەست بکەوێت بۆ ئەوەی منداڵەکانیان یاخود جلەکانیان بشۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوچە داگیرکراوەکانی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت، تەنانەت جوتیاران ئامادەن زەوییە پڕ لە دار خورماکانیان بەجێبهێڵن.

 

فەڵەستینییەکان دەڵێن بەزەحمەت دەتوانن ئاوی پێویستیان دەستبکەوێت بۆ ئەوەی منداڵەکانیان یاخود جلەکانیان بشۆن، چ بگات ەوەی بتوانن ئاوی پێویستیان بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەستبکەوێت.

 

لە ناوچە گوندنشیینە مەڕدارەکانی دۆڵی ئوردن بەکارهێنانی ئاو لەلایەن فەڵەستینییەکان تەنها ٢٦ لیترە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش کەمترە لە پێداویستی ٥٠ بۆ ١٠٠ لیترەوە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری کردووە.

 

لەبەرامبەردا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، دانیشتوانی ئیسرائیلی لە دۆڵی ئوردن ڕۆژانە ٤٠٠ بۆ ٧٠٠ لیتر بۆ هەر تاکێک بەکاردەهێنن.

 

ئەو ٥٠٠ هەزار دانیشتووی جولەکەیە کە لە کەناری ڕۆژئاوا دەژین، لە ڕێگەی تۆڕێکەوە پەیوەستن بە تۆڕی ئاوی ئیسرائیلەوە کە بە بەردەوامی ئاویان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام شارە فەڵەستینییەکان وانییە، بۆیە هاوین و گەرمای سوتێنەر دۆخی دانیشتووانەکەی سەخت کردووە.

 

لە سەرانسەری کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا، شارەکانی فەلەستین زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی ڕێککەوتنی ئاشتیی ساڵانی نەوەدەکان کە کۆنترۆڵی ٨٠٪ی یەدەگی ئاوەکانی و زۆربەی لایەنەکانی دیکەی ژیانی فەلەستینیان بە ئیسرائیل بەخشی.

 

ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو فەلەستینیانەی کە لە٪ ٦٠ی کەناری ڕۆژئاوا لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی مەدەنی ئیسرائیلدا دەژین گیریان خواردووە، پەیوەندییان بە هەردوو تۆڕی ئاوی ئیسرائیل و فەلەستینەوە پچڕاوە.

 

لەگەڵ توندبوونەوەی وشکەساڵی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و چەسپاندنی دەسەڵاتی سەربازیی حکومەتی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل بەسەر خاکی داگیرکراودا، کێشيی ئاوی فەڵەستینییەکان خراپتر بووە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل نزیکەی ١٦٠ کۆگای فەلەستینیان، تۆڕی ئاوەڕۆ و بیرەکانیان لە سەرانسەری کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا ڕووخاندووە، لە ئەنجامی ئەمەش ڕەوشی ژیانی خەڵکەکە و بەتایبەتی ژنان و منداڵان سەخت بووە.