" پێم باشە کچەکەم سەربەخۆ بێت تەنانەت ئەگەر جلێک بە پێچەوانەی خواستی منیشەوە هەڵبژێرێت"

هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردن و فشارەکانی حکومەت بۆ سەپاندنی حیجابی ئیجباری، بەرخۆدانی ژنانیش توندتر بووە و ڕەتکردنەوەی حیجابی ئیجباری گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕژێمی ئێرانەوە پەیوەست بووە بە خۆڕاگری ژنان و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان و حکوومەتی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەم خۆڕاگرییە قەت وەک چەند مانگی ڕابردوو بەرفراوان نەبووە و لە ڕاستیدا دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ و دەستپێکردنی شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی"، بەرخۆدان لە دژی حیجابی ناچاری بوو بە هێمای بەرخۆدانی ژنان دژی هەموو هەڵاواردنێکی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان لە ڕژێمی ئێران، ئەم خۆڕاگرییە نەک هەر پێداگری لەسەر ئازادی جلوبەرگ و مافی خاوەندارێتی لە جەستەی مرۆڤ، بەڵکو هەموو داواکارییەکانی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە کەمتەرخەمی و چەوساندنەوەی ڕەگەزی.

 

لە کرماشان ئەم خۆڕاگرییە ناوازەیە لەماوەی ئەم ساڵەدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش درێژەی هەبووە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین زیاتر بەرچاو و ئاشکراتر دەبێت، لە پارکی مامۆستای کرماشان توانیمان قسە لەگەڵ ئەفسانە بکەین کە بە ڕوونی وازی لە حیجابی زۆرەملێ هێنابوو، سەرەڕای ئەو مەترسیانەی لەسەری هەیە بەم شێوەیە قسەی بۆکردین کە منداڵەکەی هێنابوویە پارک بۆ یاریکردن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لە وەڵامی پرسیارەکەماندا دەربارەی بۆچوونی لەسەر حیجابی زۆرەملێ: " ئێمەش وەک ژن وەک پیاوان و هەموو مرۆڤێکی تر جلوبەرگی خۆمان هەڵبژێرین، پێویستە خاوەنی جەستەم بم و بەرپرسیار بم، ئەگەر بمەوێت دایدەپۆشم و ئەگەر نەمویست نایپۆشم، داپۆشین یان دانەپۆشینی جەستەم لە ژینگەیەکی ئازاددا بە کەشوهەوا و هەستی جوانیناسیم دیاری دەکرا، بە پێچەوانەی دۆخی ئێستا کە بە وروژاندنی پیاوان و بە سیاسەتی ئایینی و پیاوسالاری دیاری دەکرێت، ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشە و فشارێکی زۆر دەبینەوە بۆ ڕەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە بەم شێوەیە بەردەوام بین.

 

  هەروەها ژنێکی تەمەن ناوەڕاست بە ناوی مەریەم کە لەگەڵ کچەکەی بۆ بازاڕکردن هاتنە بازاڕ، سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا، سەرەڕای ئەوەی خۆی سەرپۆشی لەسەر بوو، بەڵام هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دانەپۆشینی ئازادانەی کچەکەیدا نەبوو و ئەم مافەی لەبەرچاو گرت بۆ هەڵبژاردنی داپۆشینی کچەکەی، هۆکاری وەرگرتنی هەڵوێستێکی لەو شێوەیەمان لێ پرسی و ئەویش وەڵامی دایەوە: " مرۆڤ تەنها کاتێک بەرپرسیارێتی ڕەفتار و کردارەکانی قبوڵ دەکات کە خۆی هەڵیبژاردبێت و ناچار نەبێت قبوڵی بکات، ئەگەر داپۆشینی دڵخوازی خۆم بەسەر کچەکەمدا بسەپێنم، دەبێت بەرپرسیارێتی ناڕەحەتی و خەمۆکییەکەی لە ئەستۆ بگرم، هەروەها دەبێت بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانی ئەم سەپاندنی بۆچوونە بەسەر دەروون و کەسایەتییەکەیدا بگرمە ئەستۆ.

 

لە ئەنجامدا مافی هەڵبژاردنی بەرگەکە بۆ ئەو جێدەهێڵم، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەش لە ئەستۆی ئەو بێت، پێم باشە کچەکەم کچێکی بەختەوەر و سەربەخۆ بێت، تەنانەت ئەگەر جلێک بە پێچەوانەی ویستی منیشەوە هەڵبژێرێت، نەک جلە دڵخوازەکەم بەسەریدا بسەپێنم و لە کۆتاییدا هەست بە خەمۆکی و گیرخواردن بکەم.