"بە خەبات و ئیرادەی گەل، پلانی داگیرکاری تێکدەشکێت"
جینان ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، سەبارەت بەو سەفەربەری گشتی لە ناوچەکەدا وتی: بە خەبات و ئیرادەی گەل، پلانەکانی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک تێکدەشکێت.

زەینەب خەلەف
دێرەزوور- خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە سەفەربەری گشتی لە ناوچەکە ڕاگەیاند، ئەمەش تەنها ئەرکێکی سەربازی نییە، ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەییە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، جینان ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی ناوچەی ڕۆژهەڵات لە کانتۆنی دێرەزوور سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سەفەربەری ئاماژەی بەوەدا، خەبات و ئیرادەی گەل، داگیرکاری تێکدەشکێنێت.
"سەفەربەری ڕێگری لە زیندووبوونەوەی داعش دەکات"
جینان ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە سەفەربەری بۆ ڕێگرتن لە زیندووبوونەوەی داعش ڕاگەیەندراوە، وتیشی: لەناو ئەو گێژاوەی کە هەرێم لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە و بۆ ڕێگرتن لە زیندووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا، سەفەربەری پارێزراوترین چارەسەرە. پێویستە هەموو لایەک خۆی وەک بەرپرس ببینێت لەم سەفەربەرییەدا، چونکە پاراستنی خاک ئەرکێکی نیشتمانییە و دەکەوێتە سەر شانی هەموولایەک.
"سەفەربەری ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە"
جینان ئەحمەد باسی لەو بەرپرسیارێتییانە کرد کە دەکەونە سەر شانی ژنان لە نێوان ئەو ململانێیانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵگیرساوە و وتی: وەک ژنان دەستبەرداری خاکەکەمان نین و بۆ دوژمنی بەجێناهێڵین، دەبێت شەڕ لەگەڵ هەموو سیاسەتەکان بکەین و یەکگرتووییمان بەهێز بکەین. بە خەبات و ئیرادەی گەل پلانەکانی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا تێکدەشکێنرێت.
سەفەربەری یەکگرتووی گەلانی ناوچەکەیە
جینان ئەحمەد داوای لە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد دژی هێرشەکانی لەشکرکێشی یەکبگرن و وتی: نابێت تەنها ئاستی بەرخۆدان لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بەرز بکەینەوە، بەڵکو دەبێت بەرخۆدانمان لە سەرتاسەری ناوچەکە زیاد بکەین. ئێمە، هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە، لە کورد، عەرەب، سریانی و تەنانەت ئاشووریش، بەرپرسیارین لە پاراستنی خاکەکەمان. داوا لە گەل دەکەم بەشداری سەفەربەری بکەن، چونکە ئەرکێکی مرۆڤایەتییە و گورەترین چەکە بۆ یەکخستنی گەلان.