ژنان داوا دەکەن هاوکاری و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت

کۆمیتەی ژنانی ٢٥ی تشرینی دووەم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، کە هەموو لایەک هاوکار بن تا هاوکاری ماددی و مەعنەویی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنێردرێت، جەختیشیان کردەوە دەبێت دەروازە سنوورییەکان بکرێنەوە بۆ ناردنی هاوکارییەکان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای هاوپەیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆمیتەی ژنانی ٢٥ی تشرینی دووەم، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەربڕی و کەمپەینی كۆكردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بێخاڵ سابر، ئەندامی کۆمیتەکە وتی: بە دروشمی "ڕۆژئاوا سەردەکەوێت" ئەمڕۆ پشتیوانی و پشتگیری خۆمان بۆ ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنین، زیاتر لە هەفتەیە شەڕ و وێرانکاری و داگیرکاری رووی کردووەتە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژانە سەدان کەس ئاوارە دەبن و دەکوژرێن، بە تایبەت ژنان و منداڵان بەرکەوتەی ئەو شەرەن، بۆیە ئێمە داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و حکومەت و ڕێكخراوەکان دەکەین هاوکارمان بن لە پشتوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان.

 

دەشڵێت: دوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هێزی پێشمەرگە بجوڵێنێت بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای كوردستان و داواش دەکەین کە دەرگای گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان بکرێتەوە.

 

وتیشی: تا ئێستا مۆڵەتی ڕێگەپێدانی کەمپەینمان پێنەدراوە و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین هاوکارمان بێت و ڕێگەمان پێبدات بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا كەمپەینەكە ڕابگەیەنین، هاوکاری پشتیوانییەکانمان بنێرین، هەروەها دەرگای سنووری بکرێتەوە تا هاوکارییەکان بگەن، تا چیتر خەڵکی مەدەنی و بێتاوان نەبنە قوربانی، چونکە گروپە چەکدارەكانی سوریا دوژمنی هەموو کوردن و لەلایەن دوژمنانی کوردەوە ئاراستەکراون.