"ئیسرائیل کۆمەڵکوژی دژی غەززە کردووە"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئیسرائیل کۆمەڵکوژی دژی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامەو تا ئێستا زیاتر لە ٤٤ هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوەو هەزارانیش برینداربوون و بێسەروشوێنن.

 

ئەمڕۆ ٥ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە غەززە دەکرێن، دەریدەخەن حکومەتی ئیسرائیل و بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان کردووە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل بەشێوەیەکی نامرۆڤانە و ناشایستە مامەڵەی لەگەڵ فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە کردووە و ویستوویەتی لەناویان ببات، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکو ئاگادارکردنەوەیەک سەیری بەڵگەنامەکانمان بکات، ئەوەی ڕوودەدات کۆمەڵکوژییە، دەبێت ئێستا بوەستێندرێت.

 

ئەمنستی لە ڕاپۆرتەکەیدا کە ٣٠٠ لاپەڕەیە ئاشکرایکردووە، لەکۆی ٢.٤ ملیۆن دانیشتووی غەززە، ٩٠%یان ئاوارە بوون و ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە گەمارۆی تەواوەتی خستووەتە سەر کەرتەکە و نەیهێشتووە سووتەمەنی، ئاو و کارەبا بگاتە کەرتەکە

 

ئەگنس کالامارد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری لاهای هۆڵەندا وتی: گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل ئامانجی سەربازی هەیە، بەڵام ئەو ئامانجانەی بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی.