"ژن بە تێکۆشان کردن بوونی خۆیان دەپارێزن"
دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لەو هێرشانەدا ژێرخانی هەرێم و ژنان و منداڵان و خەڵکی ناوچەکە کرانە ئامانج و زیانێکی زۆریان پێگەیشت.
ئەلڤین محەمەد
کۆبانێ- لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لە ئەنجامی هێرشەکاندا دەیان شوێن کرانە ئامانج و وێران کران. ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە دوورخستنەوەی ژنانە لە سیاسەت و ڕێگریکردنە لە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەکەیان، بەمەش هەوڵ دەدات پلانەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ بکات.
سەمیرە محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی کانتۆنی فورات، باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد، کە لەم دواییانەدا، هێرشەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و منداڵان هەبوو، چونکە ژنان و منداڵان کرانە ئامانج. ئەو شوێنانەی بۆردوومان کران ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، ئەو شوێنانەی کە خەڵک پێویستیەکانیان تێدا دەستکەوت. بۆیە ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، وتیشی: ژنان کۆمەڵگە و ماڵ بەڕێوەدەبەن و پێداویستیەکانیان دابین دەکەن. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە بە ئەنقەست هێرش کردنە سەر ژێرخانی ناوچەکە، بەربەست خستنە سەر ژیانی هاوڵاتیان، بەتایبەتی ژنان و منداڵانە.
"دەوڵەتی تورکیا هەموو شێوازەکانی شەڕی تایبەت دژی ژنان بەکاردەهێنێت"
سەمیرە محەمەد عەلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەرانسەری جیهان دەنگی داوەتەوە و بووەتە ئیلهامبەخش بۆ هەموو ژنان، دەوڵەتی تورکیا ئامانجی شکستپێهێنانی ئەم شۆڕشە و دوورخستنەوەی ژنانە لە هەموو بوارەکانی ژیان، هەر بۆیە بە شێوازی جیاواز هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە. جگە لە شەڕی سەربازی، دوژمن لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە هەوڵی چۆڵکردنی ناوچەکە دەدات و هەموو شێوازەکانی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت. زیاتر ئەم شێوازەش دژی ژنان و منداڵان بەکاردەهێنێت.
"ژن بە تێکۆشان بوونی خۆیان دەپارێزن"
لە کۆتایی قسەکانیدا سەمیرە محەمەد عەلی وتی: لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، لە دژی هێرشەکانی سەر ژنان و منداڵان، ژنان هەمیشە لە ڕێگەی بەرخۆدان و تێکۆشانەوە بەرامبەر دوژمن وەستاونەتەوە. لەمڕۆشدا بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی ژنان لە بەرامبەر هێرشەکانی لەناو بردن و داماڵین هەیە، ژنان خۆیان ڕێکدەخەن و پارێزگاری لە بوونیان دەکەن.