نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن و تەندروستی زاوزێ، ئازارەکانی ژنانی یەمەن زیاتر دەکات

سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پاراستنی ژیان و خزمەتگوزاری تەندروستی زاوزێی پێشکەش بە نزیکەی ٢٠ هەزار ژن و منداڵی کچ لە ناوچە دوورەدەستەکان و ناوچە ئاوارەبوونەکان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان- UNFPA خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش کرد بۆ تیشک خستنە سەر ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان، کە پێویستی بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زاوزێ و پاراستنیان هێشتا گرنگ و بەپەلەیە.

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە تویتێکدا لە ئەکاونتەکەیدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٩ هەزارو ٢٥٦ ژن و منداڵی کچ توانیویانە خزمەتگوزاری پاراستن و تەندروستی زاوزێ لە ناوچە سەختەکاندا بەدەستبهێنن، لەوانەش کامپەکانی نزیک هێڵی پێشەوە.

 

ئەم ئامارانە ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی بەردەوامی ململانێکانن لەسەر ژیانی ژنان، چونکە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی توندوتیژی و نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی پێویست دەبنەوە.

 

سندوقەکە لە ڕێگەی ١٢ تیمی گەڕۆکەوە پاڵپشتی ئەم دەستپێشخەرییانە دەکات کە کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن و تەندروستی زاوزێ.

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمساڵدا ١١.٨٦ ملیۆن ژن و منداڵی کچ پێویستیان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زاوزێ و پاراستنی ژیان هەیە کە زیاتر لە ٦.٣٦ ملیۆنیان پێویستیان بە پاراستن هەیە لە جۆرەکانی توندوتیژی ڕەگەزی، ٥.٥ ملیۆن ژن لە تەمەنی زاوزێدان، لەناویاندا ژنانی دووگیان و شیردەر ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی زاوزێ، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان.

 

ئەم ڕاستییە تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ ژنان و منداڵانی کچ لەم بوارانەدا، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چاودێری پزیشکی پێویست وەردەگرن و لە مەترسییەکانی توندوتیژی و هەڵاواردن دەپارێزرێن، وەک بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زاوزێ و پاراستنی مافەکانی ژنان بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.