یونسێف گیان لەدەستدانی ١٠٠ منداڵی لە لوبنان ڕاگەیاند

ڕێکخراوی یونسێف ڕایگەیاند، لەماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا و بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل ١٠٠منداڵ لە لوبنان گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتوەکان "یونسێف" لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماری کوژرانی منداڵانی لە لوبنان بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان، لەماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٠ منداڵ کوژراون و لە شەش هەفتەشدا نزیکەی ٦٩٠ منداڵ برینداربوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر منداڵ ئاوارەبوون و بەوهۆیەشەوە لە ساڵی نوێی خوێندن بێبەشبوون.

 

هاوکات، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەهۆی ئەو گرژیی و ئاڵۆزییانەی لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵادا هەن، تا ئێستا دوو هەزار و ٨٣ کەس کوژراون و ٩ هەزار و ٨٦٩ کەسیش برینداربوون.