نیاز عەبدوڵا: تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی توركیا نابێت بە ئاسانی تێبپەڕێندرێت

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس لە بارەی هێرشەی دوێنێی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: تیرۆركردنی هەردوو رۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، شكست و ئاستی بێ توانایی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەردەخات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٣ی ئاب دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سنوورى سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکى ڕۆژنامەنووسانی بە ئامانجگرت، بە هۆی بۆردوومانەکەوە، گۆڵستان تارا، خەڵکی باکووری کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و هێرۆ بەهادین خەڵکى شارەدێى سەنگاو، کە کارى مۆنتێرى دەکرد لە کۆمپانیاى چەتر گیانیان بەختکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوى ڕێبین بەکر، کە تەمەنى ٣٠ ساڵە و خەڵکى سلێمانییە و سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەترە، بریندار بوو.

 

ئازادیخوازان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، سیاسەتمەدار و لایەن و پارت و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان لە بارەی هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە خستەڕوو، ڕایانگەیاند، ئەم هێرشە بێڕێزییە بە سەروەری خاکی عێراق و دەبێت هەمووان لە دژی هێرش و بەئامانجگرتنەکان بێنە دەنگ.

 

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە بارەی هێرشەکەی سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەڵێت: تیرۆركردنی هەردوو رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین لەلایەن دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، جگەلەوەی شكست و ئاستی بێ توانایی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان دەردەخات لە پاراستنی رۆژنامەنووسان و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە مەترسی و دەستتێوەردان و داگیركاری توركیا، هاوكات ئاستی مەترسی بەهێزی دەوڵەتی توركیا لەناو دەزگای دژە تیرۆری كوردستان دەردەخات، كە چۆن ئەو دەزگایە خراوەتە خزمەت دەوڵەتی توركیا و لەبری پاراستن و بەرگریكردن لە هاوڵاتییەكانی پاساو بۆ تیرۆركردنی دوو ژنە رۆژنامەنووس دەهێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەو رۆژنامەنووسانە لە جێبەجێكردنی ئەركی كاری رۆژنامەوانیاندابوون.

 

نیاز عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشدا؛ تیرۆركردنی گوڵستان و تارا لەلایەن دەوڵەتی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، یەكەم كردەی تیرۆریستی ئەو دەوڵەتە نییە، لە ٨ی تەمووز لە رێگای بۆردوومانكردنەوە تیمی رۆژنامەوانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم لە شنگال پێكران، بەهۆیەوە موراد میرزا ئیبراهیم بە سەختی برینداربوو، دوای مانەوەی چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە، ١١ی تەمووز گیانی لە دەستدا؛ هاوكات هەریەك لە رۆژنامەنووسان خەڵەف خدر و میدیا حەسەن بە سەختی بریندرابوون.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوەش دەکات، "لە تەواوی تیرۆركردنەكانی رۆژنامەنووسان و شەهیدكردنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە رێگای هێرش و بۆردوومانەكانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوڵەتی توركیای رووبەڕووی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردن نەكردووەتەوە، بەڵكو بەڵگەكانی تاوانی جەنگیشی بۆ شاردووەتەوە و راپۆرتەكانی پزیشكی بە زانیاری ساختە و ناڕاست پڕكردووەتەوە لەبارەی هۆكارەكانی شەهیدبوونیان.

 

لە کۆتایشدا ڕۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا دەڵێت: تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان هێرۆ و گوڵستان و موراد لەلایەن دەوڵەتی توركیا نابێت بە ئاسانی تێبپەڕێندرێت و قبوڵبكرێت، ئەرك و بەرپرسیارێتی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوەكانی بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە دەنگیان بەرزبكەنەوە لەپێناو پاراستنی رۆژنامەنووسان و وەستاندنی تەواوی ئەو هێرشە مەترسیدار و كردە تیرۆریستیانەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.