ژنان هەڵوێستی خۆیان دژی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر دەردەبڕن

شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێر بۆ پێشوازی لە هاتنی تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، قەڵای هەولێر بە ڕەنگی سووری ئاڵای تورکیای خوێنڕێژ ڕەنگڕێژ کرا، ژنانیش کاردانەوەیان دژی ئەم کارە نیشاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە ئەمڕۆ تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بێنە عێراق و هەرێمی کوردستان و لەسەر پرسی ئەمنی و ئابووری کۆببێتەوە، کە ئامانجی سەردانەکەی بەپێی هەڵسەنگاندنی چاودێرانی سیاسی پەلهاویشتنی زیاتری دەوڵەتی تورکیا و داگیرکارییە، بۆ پێشوازی لەو سەرۆکە داگیرکەرە، شەوی ڕابردوو قەڵای هەولێر بە ڕەنگی سووری ئاڵای تورکیای خوێنڕێژ ڕەنگڕێژ کرا و شەقامەكانی شار بە ئاڵای تورکیا پڕ کران.

 

ئەم کارە کاردانەوەی لەلایەن کۆمەڵگەوە لێکەوتەوە و باس لەوە دەکەن دەسەڵاتدارانی هەولێر، کە سەرانی پەدەکەن، بوونەتە داردەستی دوژمن و سەرەڕای هەموو هێرشە داگیرکارییەکان و بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی و بۆردوومانی ناوچەکانی کوردستان، پێشوازی لەو داگیرکارەکە دەکەن.

 

هەڵویستی ژنان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە، بەم شێوەیەیە؛

ڕاز قادر، چالاکوان: ئەم بەیانییە یەکەمین شتی ناو فەیسبوکەکەم، ئاڵای تورکیا بوو لەسەر قەڵای هەولێر!!!!

ڕەنگە ئەم دیمەنە بۆ هەمووان نامۆ و شۆکهێنەر بوبێت، چونکە ڕاستی خۆم لە بەیانیی زووەوە توڕەییەکی زۆر دایگرتووم، بەڵام ئەمە ئەو بۆگەنە بوو کە چەند ساڵێکە مێشکی منی داگیرکردوە، دڵنیام کە مێشکی زۆرێک لە خەڵکە بە هەڵوێست و نیشتمان پەروەرەکانی دیکەشی داگیر کردووە.

 

دەمێک بوو چاوەڕێی هەنگاوێکی لەم شێوەیە بووم و دەمزانی خاکفرۆشان جارێکی دی تاڵان فرۆشمان دەکەنەوە و ئەمجارە بە تورکیای فاشیستمان دەفرۆشن، لێرەدا دەبێت بپرسین ئەمانە بۆ ڕوو دەدەن؟ ئایا خەڵک لە کوێی ئەم هاوکێشە سیاسییەدایە بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت هاوکێشەکە لاسەنگ بکەن؟ گەنجانی وڵاتمان دەبێت هاواریان لێ هەستێت، بەدەر لە بۆڵە بۆڵەکانی ناو سۆشیال میدیا، وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر ئەرزی واقیع داواکراوە، ئەم بابەتە، بابەتێکی پلان بۆ داڕێژراوە و هەمیشە بە سیاسەتێکی مەحکەم لە ماوەی ئەم (٣٠) ساڵەی بەناو حوکمڕانی کاری لەسەر کراوە؛ یەکێک لە هەر کارە جدییەکان، کارکردنە لەسەر پەروەردە و سست کردن و بەرەو پەکخستنیەتی، چونکە هەمیشە پەروردە بەرپرسە لە دروستکردنی تاکی هۆشیار، بەڵام دیسان پرسیار، ئایا تاکی خوێندەواری ئێمە هەمووی هۆشیارە؟

 

ئایا مامۆستایان خۆیان تا چەند هۆشیارن و چەند هەوڵیان داوە هۆشیاری بگەیەنن؟ چەندین ساڵە هاواری پەروەردەمانە، ئێستا هەست دەکەین بە پلان بەرەو پەککەوتنی دەبەن، لەگەڵ ئەم پرسیارانە، دنیایەک پرسیارگەلی دی مێشکمانی داگیر کردووە، کە تا نادیار بێ وەڵام دەمێننەوە، لە کۆتاییدا دەبێت ئەم بۆگەنی ئەمڕۆ قبوڵ نەکراو بێت و بە زووترین کات سەری ئەو زێرابە بە هەر شێوەیەک بێت دابخرێت.

 

سۆزیار عەلی، ڕۆژنامەنووس: لە بیانووی دانانی ئەم ئاڵایە پێمان ئەڵێن پڕۆتۆکۆڵە، کام پڕۆتۆکۆڵە کە ڕێگە بە دانانی ئاڵای بکوژەکەت دەدات لەسەر مێژووت، هەر لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا پارتی دوو درامای لەسەر مێژووی قەڵای هەولێر دروست کردووە و ئەمشەویش هەر خۆی بە بێ ئەوەی بهێڵێت تورکێک زاری هەڵبێنێت و ئەرک بکێشێت، پێی وتین ئەو قەڵایە هی تورکە و مێژوومانی بە درۆ خستەوە، ڕووی ڕەشی ئەم ئاڵا سورە بە هیچ کام لە بیانووەکانتان سپی نابێت و ئەمشەو بە زمانی شیرینی کوردی پێمان وترا لە خەیاڵدا ژیاوین و هێشتا داگیرکراوین، با عوسمانی نەبێت و تورک بێت.

 

کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوان: وەتەن و خاک و نیشتیمان ئەو ووشانەن کە بزوتنەوەی کوردایەتی چەندەها ساڵە نان و پارەی پێ پەیدا دەکەن، بەڵام ئیتر کاتی فرۆشتنی هاتووە، ئەمە قەڵای هەولێرە لە پێشوازی گەورە دوژمنی کورد و رەگەزپەرست، کە دەڵێت کورد هەر بوونی نییە و بە ڕاستی بە جۆرێک ئازارم چەشت کە ئەم وێنەیەم بینی باس ناکرێت.

 

شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس: بەتەنها دەسەڵاتدارانی هەرێم نا، بەڵکو هەموو خەڵکی باشووری کوردستان بەرپرسیاری ئەم دۆخەیە کە تێیداین، شکاندن و لەکەدار کردنی شکۆ و هەبوونی هەر تاکێکی کورد، کە چەندەها ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، پێتان دەڵێن ئێوە تەنها بەناو کوردن، بەڵام نابێت بە ئیرادە و بە سەرێکی سەودای ئازادی و بە هەستێکی کوردانەوە بژین، تێگەیشتن پێویستە تا پێبگەن، بە کوردی بە کورتی پێتان دەڵێن قبوڵی بکەن ژێر دەستەی و تەسلیم بوون بە ئیرادەی دوژمنە دێرینەکەتان، ئەو دوژمنەی لەسەر خوێنی تۆ لەسەر کولتوور و زمان و شوناسی ژینگەکەی تۆ دەوڵەتە وەحشیگەرییەکەی بونیاد ناوە.

 

شادیە بەکر، مامۆستای زانکۆ: من هەستم بەشەرمەزاری کرد، ئازارم چەشت! خۆم خستە شوێنی شەهیدێکی ئەم نیشتیمانە، خۆم خستە شوێن ئەو پیاوەی بە چنگە کڕێ خانویەکی دروستکرد و درۆن خاپوری کرد، خۆم خستە جێگەی ئەو منداڵەی کە لە ڕێگەی کورتەک بە درۆن پارچە پارچە بوو، خۆم خستە جێگەی محەمەد بە فۆسفۆر سووتا، خۆم خستە شوێن ئەو کیژۆڵەیەی لە شەنگال کرا بە کەنیزەک، بمبورە ئەی نیشتمان بمبورە.