لە یادی ٦٨ ساڵەی سەربەخۆییدا ژنان و منداڵانی سودان ڕووبەڕووی ترس و مردن و برسێتی دەبنەوە

٦٨ ساڵەی سەربەخۆیی سودان تێپەڕی و ملیۆنان سودانی ئاوارە بوون و منداڵان و ژنانیش لە سنوورەکاندا هەڕەشەی مردن و ترس و سەرما و برسێتییان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵی ٢٠٢٣ کۆتایی هات، بەڵام هێشتا ململانێکان لە سودان بەردەوامە و ساڵی ڕابردوو بووە خراپترین ساڵ لە مێژووی وڵاتەکەدا، کە شەڕ و ململانێکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا زیاتر لە ٪٦٠ی ناوچەکەی گرتەوە و ملیۆنان کەس ئاوارەبوون و گیانیان لەدەستدا و لەبەردەم هەڕەشەی برسێتی و سەرما و ترسدان.

 

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، هەماهەنگی هێزە مەدەنییەکانی دیموکراتی سودان “تەقەدوم” لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕێککەوتن لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگایەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ وەستاندنی شەڕ لە وڵاتدا، ئەندامێکی لیژنەی ڕاگەیاندن بۆ هەماهەنگی تەقەدوم، ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی تەواو هەیە بۆ دانانی بناغەیەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، لە کاتێکدا نزیکەی ٪٢٥ی ئاوارەکان لەسەر سنووری وڵاتانی دراوسێ مانەوە.

 

ململانێکانی سودان بووەتە هۆی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی، توندوتیژی ڕەگەزی دژی ژنان و ئەمەش لە ململانێکانەوە، ١٥ی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە بەردەوامە، هەروەها سیستمی تەندروستی داڕماوە و دانیشتووان ڕووبەڕووی کەمیی خۆراک بوونەتەوە و دووبەرەکی قووڵتر بووەتەوە بە درێژایی هێڵە نەتەوەیی و خێڵەکییەکاندا.

 

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ، بەرنامەیەکی فریاگوزاری بۆ ژنانی سودان دەستپێکرد و ڕایگەیاند، "ژن و کچان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەرە و بەدەست زیادبوونی هەژاری و توندوتیژی و ئاوارەبوون و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن ، چاودێری تەندروستی، و دەرفەتەکان کەمن و ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن توندوتیژی ڕەگەزی لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە زیادی کردووە".

 

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە شارەزایان هۆشدارییان داوە لە سەختی توندوتیژی دژ بە ژنان، هەروەها بەکارهێنانی توندوتیژی ڕەگەزی وەک ئامرازێکی شەڕ بۆ سزادانی هەندێک پێکهاتە، بەرنامە فریاگوزارییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بریتییە لە "بیستنی دەنگی ژنان، یەکەمایەتیدان بە پێداویستییەکانیان و کردنی بەشداریکردنیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە هەموو لایەنەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، بوژانەوە و بنیاتنانی ئاشتی".

 

جێی ئاماژەیە، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە دوای کۆبوونەوەی هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی سودان لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا، هەماهەنگی هێزەکانی دیموکراتی مەدەنی “تەقەدوم” پێکهێنراوە.