ئێدنا ئادان ئیسماعیل چالاکوانی دژ بە خەتەنەکردنی مێینە خەڵاتی بەدەستهێنا

ئەمساڵ، ئێدنا ئادان ئیسماعیل کە دژی خەتەنەکردنی مێینە تێکۆشانی کردووە، خەڵاتی تەمپڵتۆنی بە بڕی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرستار ئێدنا ئادان ئیسماعیل، کە لە سۆماڵ دەژی و دژی خەتەنەکردنی مێینە تێکۆشان دەکات، ئەمساڵ خەڵاتی تەمپڵتۆنی بەدەستهێنا، کە خەڵاتەکە بڕی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە و لەلایەن دامەزراوەی جۆن تەمپڵتۆن لە ساڵی ١٩٧٤ەوە دەبەخشرێت بەو کەسانەی، بە پاڵپشتی زانست لە بوارە ئاینی و ڕۆحییەکان کار دەکەن و ناوبانگیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی خەڵاتەکەدا هاتووە: ئەم ژنە موسڵمانە، بە هێزی زانست، هەوڵی پاراستنی کەرامەتی ژنانی داوە، بۆ ئەوەی لە ڕووی ڕۆحی و جەستەییەوە گەشەیان پێبدات، بەهۆی ئەم هەوڵە نایابەوە، شایستەی خەڵات بوو.

 

ئێدنا بەشێک لە پارەی خەڵاتەکە دەبەخشێت

ئێدنا ئادان ئیسماعیل ساڵانێکی زۆرە دژی خەتەنەکردنی مێینە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا تێکۆشان دەکات و بە چالاکییەکانی ناسراوە، ئێدنا لە برەی خەڵاتەکەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێکی زیادە لەو پارەیەی بۆ خەڵاتەکە دەدرێت دەبەخشێتە "هاوڕێیانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی ئێدنا" بەمەبەستی کڕینی کەلوپەل و کەرەستە و ڕاهێنانی پسپۆڕانی تەندروستی.

 

خەتەنەکردنی مێینە چییە؟

لە خەتەنە کردندا دیوی دەرەوەی ئەندامی زاوزێی مێینە دەبڕدرێت، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی پزیشکییەوە پێویست نەبێت، ئەو مێینانەی خەتەنە دەکرێن هەم خوێنبەربوون و هەم ئازار لە کاتی سوڕی مانگانەدا هەست پێدەکەن و لە کاتی جووتبوونی سێکسیدا ئازاری زیاتریان دەبێت، هەروەها لە کاتی منداڵبووندا ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و زەبر و زەنگی دەروونی قورس دەبنەوە، زۆرێک لە ژنان و کچان لە کاتی خەتەنەکردندا بەهۆی خوێنبەربوون و هەوکردنەوە گیان لەدەست دەدەن.