لە بەریتانیا ئاهەنگی نەورۆز پیرۆزکرا
ئێوارەی دوێنێ، لە شارەکانی لیڤەرپول و لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا لەلایەن کوردانی نیشتەجێی وڵاتەکەوە بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردان ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/03/20230322-yahngy-nwrz-jpgc615fe-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە درێژەی ئاهەنگەکانی نەورۆز کە لە شارەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو، لە وڵاتانی دیکەش کە کوردان تیایدا نیشتەجێن نەورۆز پیرۆزکرا و ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو.
ئێوارەی دوێنێ لە ٢١ ئادار، لە شارەکانی لیڤەرپول و لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا لەلایەن کوردانی نیشتەجێی وڵاتەکەوە بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردان ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو، بە یەک دەنگ دروشمەکانی ئازادییان دەوتەوە و نەورۆزیان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆزکرد.
لە ئاهەنگی لیڤەرپول لە پەیامێکدا یادی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە کە تیایدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و دەوڵەتی تورکیا خەمساردانە هاوکاری پێویستی نەگەیاندە زیانلێکەوتووان و داوایان کرد لە کاتی دەنگدان ئەم ڕووداوانە لەلایەن گەلەوە لە بیر نەکرێن.
لە درێژەی مەراسیمەكەدا جەژنی نەورۆزی كوردی لە دایكی شەهیدان، گەلی كورد و گەلانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز كرا، هەریەك لە ئیلهام ئەحمەد، فەلەكناس ئۆجا و سیامەند موعینی، هاوسەرۆكی پژاك، ڕەمزی كارتاڵ، لە ڕێگەی ڤیدیۆیەوە پەیامیان پێشەكەشی ئامادەبووان كرد و سۆنیا كەریمی، بە ناوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نوێنەری كۆمەڵەی كوردستان لە ئێران پەیامیان پێشكەش كرد.
لە بەردەوامی ئاهەنگەكەدا هەریەك لە هونەرمەندان ناسر ڕەزازی، دیار دێرسیم، سۆنیا ئالان و بەرهەم شەمامی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، نەورۆزیان پیرۆز کرد