مەترسییەکانی سەر ژیانی منداڵانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا

دەرکردنی منداڵ پێش وەرگرتنی چارەسەری تەواو لە نەخۆشخانە و دەرمانی دژە بەکتریا، ژیانی منداڵانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە، چەندین منداڵیش گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی، مەترسییەکانی سەر ژیانی منداڵانی خستەڕوو، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین منداڵ و جەختی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست کردەوە.

 

لە كۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا، بەكارهێنانی شیری قوتو لە جیاتی شیری دایك ئاستێكی مەترسیداری تێپەڕاندووە، هەروەها ئەو منداڵانەی نەخۆشن و لەسەر بەرپرسیارێتی دایك و باوكیان لە نەخۆشخانە دەردەكرێن لە ئاستێكی خراپدایە، لەبەرئەوەی پێش دەكردنی پێویستیی بە چارەسەر بووە، بەوهۆیەوە چەندین منداڵ گیانیان لەدەستداوە و توشی ئیفلیجی مێشك بوون.

 

هەروەها دەشڵێت: بوونی منداڵ بە نەشتەرگەری و لە نەخۆشخانە تایبەتەكاندا لەدایكبوونی منداڵی پێشوەختە ڕێژەیەكەی زیاتر لە ٩٥٪ و ئەمە ئامارێكی مەترسیدارە، منداڵ بوون بە نەشتەرگەری كاریگەری زۆر خراپی هەیە، هەم لەسەر منداڵەكە و هەم لەسەر دایكەكە، ئەمەش هەندێك منداڵ توشی نەبەكامی دەبێت، بۆیە داوامان كردووە چاودێری ورد لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەكان هەبێت.

 

یەكێك لە ئامارە مەترسیدارەكان بەكارهێنانی دەرمانی دژ بەكتریایە، كە ئێستا دنیا بە دەستییەوە دەناڵێت و پێنجەم هۆكاری مردن بەهۆی دەرمانی دژ بەكتریاوەیە، بەڵام لەوانەیە ئێستا لە هەرێمی كوردستان یەكەم هۆكاری مردن بەهۆی بەكارهێنانی دژە بەكتریاوە بێت، چونکە دەستکەوتنی ئەو دەرمانە ئاسانە و چاودێری لەسەریان نییە.