ژنانی ئەفغانستان یادی ژینا ئەمینییان بەرز ڕاگرت
شگوفە، نوێنەری ڕێکخراوی ڕاوای ژنان لە چالاکییەکەدا وتی: ئەم ئازار و ستەمکارییە ڕۆژێک کۆتایی دێت کە هەموومان پێکەوە دژی ڕژێمە بناژۆخوازەکانی کابول و تاران بوەستینەوە.
بەهاران لاهیب
کابول- دوێنێ کۆمەڵێک لە ژنانی ئەفغانستان بۆ یادی ژینا ئەمینی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە داستانییەکانی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و وێنەی ژینا ئەمینییان بە گوڵ ڕازاندەوە، مۆمیان داگیرساند و دروشمی ژن و ژیان و ئازادییان وتەوە.
شگوفه، ئەندامی ڕێکخراوی ڕاوای ژنان، دوای هاوخەمی دەربڕین بۆ بنەمالەی ژینا و ژنانی ئێران وتی: ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە یادی مەهسای ئازیز، هەموومان دەزانین ئێران و کوردستان خاکی ماتەمینی نین، بەڵکو خاکی خەبات و بەرخۆدانن. ئەمڕۆ گەلی ئێران جارێکی تر سەلماندی کە پەسەندی هێزی دەسەڵاتدار ناکەن و درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدەن. تا دەسەڵاتی خۆسەپێن و فاشیست و دژە ژن لە ئێران و ئەفغانستان حوکمڕانی بکەن، هەر ڕۆژە ڕەخشانە و فەرخوندە و مەهساکان زیاد دەکەن، ئەم ئازار و ستەمکارییە ڕۆژێک کۆتایی دێت کە هەموومان بۆ خەبات دژی ڕژێمە بناژۆخوازەکانی کابول و تاران بوەستینەوە.