ڕێواز فایەق: ئامادەم بەرپرسیاری سەرنەکەوتنی پەرلەمان هەڵبگرم

ڕێواز فایەق لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە وتی پەرلەمان لە نێوان دوو ڕای جیاوازدایە بۆ بازنەی هەڵبژاردن، جەختیشیکردەوە ئەم خولەی پەرلەمان سەرکەوتوو نەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ئەم خولەی پەرلەماندا هەلومەرجی سیاسی جیاواز بووە لە خولەکانی دیکە و هیچ کاتێک سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، وتیشی: ئێمە سەرکەوتوو نەبووین لە پەرلەمان، لەوانەیە بەشێکی پەیوەندی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە هەبێت و بۆخۆم ئامادەم بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرم و ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم.

 

سەرۆکی پەرلەمان وتیشی: ئێستا په‌رله‌مانى هەرێم له‌نێوان دوو لێكتێگه‌یشتندایه‌ بۆ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌ندێك له‌گه‌ڵ یه‌ك بازنه‌یی و هه‌ندێكی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ فره‌بازنه‌ییدایه‌، بەڵام زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، كه‌ هه‌رێمی كوردستان چوار بازنه‌ بێت، بەجۆرێک هه‌ندێك ده‌ڵێن، با كۆمسیۆن كارابكه‌ینه‌وه‌ ئینجا ده‌ست بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن به‌رین، هه‌ندێكی دیكه‌ ده‌ڵێن، با یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕین پاشان ده‌ست بۆ كۆمسیۆن به‌رین و هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ش تێگه‌یشتنی خۆیان هه‌یه‌.

 

١ی تشرینی دووەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دیارییکرد، کۆمسیۆنیش ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی یاسایی ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران له "‌كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن‌ و ڕاپرسی" لە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٩ەوە كۆتاییهاتووه‌ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی یاسایی دەبێت دووبارە ئەنجومەنی کۆمسیاران یاسایی بکرێتەوە.

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانیش لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە كۆمیسیۆنی باڵای راپرسی و هەڵبژاردنەكان تەنها دامەزراوەیەكی یاسایی نییە، بەڵكو ڕەهەندی سیاسیشی هەیە، بۆیە دەبێت نەك كارا بكرێتەوە، بەڵكو دروست بكرێتەوە