زیاتر لە ٧٠٠ کەسایەتی لە ئێران داوای کۆتاییهێنان بە سێدارە دەکەن

زیاتر لە ٧٠٠ کەسایەتیی ئەکادیمی، فەرهەنگی، ئەدەبی، میدیایی و هونەری لە چەند وڵاتێکەوە داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕابگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٧٠٠ کەسایەتی ئەکادیمی، ڕۆشنبیری، ئەدەبی، میدیایی و هونەری لە وڵاتانی جیاجیا، لەوانەش نووسەرانی بەناوبانگی ئەمریکی، کەسایەتییەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێودەوڵەتی و ڕۆشنبیرییەکان لە هەموو جیهانەوە، پەیامێکیان نارد و داوای کۆتاییهێنان بە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان کرد لە ئێران.

 

لە نامەکەدا کە ٧٠٠ کەسایەتی واژۆیان کردووە، دەڵێن: "ئەمڕۆ لە خاڵێکی پڕ لە ئازاری مێژوودا وەستاوین، کاتێک میللەتێک ناچارە بۆ ژیان لە شەقامدا وەک داواکارییەکی شۆڕشگێڕانە هاوار بکات و وەک بەشێکی جەوهەری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆ بەدەستهێنانی ژیان و ئابووری و ئازادی، بەڵام باجەکەی دەدەن، دەوڵەتی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر تاوان دژی هووڵاتیانی ناڕازی ئەنجام دەدات، لە شەقامەکانی ئەم خاکەدا، شەو و ڕۆژ خۆپیشاندەران بە گوللە و گازی ژەهراوی دەمرن، لە زیندانەکانیشیدا لە ڕێگەی ئەشکەنجە و دەستدرێژی و زەلیلکردنەوە و دواجاریشەوە گیان لەدەست دەدەن".

 

لە نامەکەدا کە لەلایەن نووسەرانی لقەکانی ڕێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی لەگەڵ کەسایەتییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات واژۆی لەسەر کراوە، باس لەوە کراوە کە دەوڵەتی ئێران گرنگی بە سەپاندنی سزا بەسەریدا نادات و ئەمەش مەترسی گەورەیە.