تەرمی سێ کەس کە دووانیان ژنن لەژێر گردە داڕماوەکەی کەربەلا دەرهێندران
بەهۆی ڕوخانی گردێک لە شاری کەربەلا ژمارەیەک هاوڵاتی بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا، گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە بەردەوامەو ئەمڕۆ تەرمی سێ کەس دەرهێندراون کە دووانیان ژنن.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ئاب گردێک لە رۆژئاوای شاری کەربەلا ڕووخا بەسەر مەزارگەی قەتارەی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیبدا و بەهۆی ئەو داڕمانەوە نزیکەی ١٥ کەس کەوتنە ژێر داروپەردووی گرد و مەزارگەکە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تا ئێستا ٦ کەسی گیرخواردوو لە ژێر داروپەردووی مەزارگە و گردەکە لە کەربەلا رزگارکراون، هاوکات، ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی دوو ژن و پیاوێکیان لە ژێر داروپەردووی ڕووداوەکەدا دەرهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو تەرمانەی تا ئێستا دەرهێنراون ٧ تەرمن کە چوار ژن و دوو پیاو و منداڵێکن، لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێیانوایە کە ڕووخانی ئەو گردە لە ئەنجامی گەندەڵیی و نۆژەن نەکردنەوەی شوێنەوار و ئاسەوارەکانی عێراقەوەیە.