هەوڵی پاراستنی گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی دەدرێت

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی شاری سلێمانی، بابەتی پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی تاوتوێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی شاری سلێمانی بابەتی پاراستنی شوێنەوار و كەلەپووری ٨ گەڕەکی دێرینی شاری سلێمانی تاوتوێکرا، کە دەكەونە ناوەندی شار و هەڵگری سیمای دێرینی شاری سلێمانین.

 

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەندین بڕیاری پەیوەست بە شاری سلێمانی گفتوگۆی لەسەرکرا.

 

پلانی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی سێكتەری گەشتیاریی لەشاری سلێمانی بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری كەرتی ئابوریی و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجان تاوتوێ کرا.

 

سەبارەت بە بابەتی پاراستنی گەڕەکە دێرینەکانی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری سلێمانی و ئەندازیارانی شارەوانی تیشكخرایە سەر پاراستنی شوێنەوار و كەلەپووری ئەو ٨ گەڕەكەی كە دەكەونە ناوەندی شار و گرنگی پاراستنی سیمای دێرینیان کە هەڵگری مێژووی دێرینی شارەکەن.

 

گەڕەکی گۆیژە، سابونکەران، دەرگەزێن، کانی ئاسکان، سەر شەقام، جولەکەکان و سەرچیمەن  لە گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانین، هەر لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەوە بونیاتنراون و هەڵگری مێژوو و کەلەپووری شارەکەن، کە لە شەش هەزار و ٢٠٠ خانووی کۆن پێکهاتبوون، بەڵام لەو ژمارەیە تەنها ٢٠٠ خانوویان ماونەتەوە ئەوانی دیکە ڕوخێندراون و کراون بە پڕۆژەی بازرگانی.

 

بەپێی یاسای ژمارە ٥ ساڵی ٢٠٢١، هەروەها فەرمانی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار كە دەبێت ناوەندی شار بپارێزرێت لە تێكچوونی سیمای دێرینی و گۆڕانکاری لەلایەن خاوەن موڵکەکان و بازرگانەکان، ئەنجومەنی شارەوانیی بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەو مەبەستە بە ئامانجی پاراستنی سیمای دێرینی شار.