"دەبێت ژنان هێڵی خۆپاراستن بەهێز بکەن"

مەهدیە هیلال، بەڕێوەبەری هێزە ئەمنییەکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان کار بۆ پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە دەکەن، هەروەها پێویستە کۆمەڵگە خۆی پڕچەک بکات بە زانابوون هێڵی خۆپاراستن بەهێزتر بکات.

ڕۆنیدا حاجی 

 

حەسەکە-بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی خۆپاراستن، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوێنێ چوارەمین کۆنفرانسی خۆی بە دروشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین" لە هۆڵی سەردەم لە شاری حەسەکە ئەنجامدا. لە کۆنفرانسەکەدا ژنان سەرنجیان خستە سەر بەهێزکردنی هێڵی خۆپاراستن.

 

مەهدیە هیلال، بەڕێوەبەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە کۆنفرانسی چوارەم قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"پێویستە کۆمەڵگە بە زانابوون خۆی بپارێزێت"

مەهدیە هیلال جەختی لە گرنگی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان لە پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان بە درێژایی هەزاران ساڵە تووشی توندوتیژی و ئەشکەنجە و دەستدرێژی و توندوتیژی دەروونی و جۆرەکانی تری توندوتیژی دژی ژنان بوون، ژنان بە ناوی شەرەفەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر دەکوژرێن، ئێمە هەوڵمان هەیە بۆ نەهێشتنی ژنان لەم جۆرە توندوتیژیانە و پاراستنی ژنان ئەرکی ئێمەیە،دەمانەوێت لە زۆر ڕووەوە ڕێگری بکەین لە توندوتیژی دژی ژنان بۆ ئەمەش هاوکاریمان هەیە لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراوەکانی ژنان لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی سیمینار و دابەشکردنی بروشورەوە، دەمانەوێت هۆشیاری خۆپاراستن لە ژنان لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەینەوە بە زانابوون خۆیان بپارێزن.

 

"پاراستن و ڕێکخستن و زانین بنەما سەرەکییەکانی ژیانن"

مەهدیە هیلال ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەبووە و وتی: ئەو ژنانەی کە لەم بوارەدان، لە بازگەکان، فەرمانگە ئەمنییەکان و فەرمانگەکانی ڕێکخستن، یەکگرتوو بوون بۆ پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە، لە سایەی فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، ژنان تێگەیشتن کە پاراستن، ڕێکخستن و زانین بنەما سەرەکییەکانی ژیانن بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک شۆڕش لە سایەی پێشنەگایەتی ژنان لە بواری خۆپاراستن دەستکەوتی زۆری بەدەستهێنا.

 

مەهدیە هیلال لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک ژنانی ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەرکی ئێمە پاراستنی ژنانی کۆمەڵگایە لە هەموو هێرش و توندوتیژییەک، هێزەکانمان شەو و ڕۆژ، لە سەرما و گەرمادا، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانمان کاردەکەن.

 

"ئامانج بەهێزکردنی ژنانە لە  نوسینگە تایبەت و ڕێکخراوەکاندا"

مەهدیە هیلال سەرنجی بۆ بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆنفرانسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا کە ئامانجی بەهێزکردنی ئیرادەی ژنانەو وتی: پلانی زۆر هەیە بۆ لەناوبردن و دابەشکردنی کۆمەڵگاکەمان، لەبەرامبەردا ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە بۆ گفتوگۆکردن و قسەکردن لەسەر چۆنیەتی ڕێگریکردن لێی وەک هێزێک بۆ ژنان، خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکردن بریتی بوون لە بەهێزکردنی ئیرادەی ژنان و بەهێزکردنی نوسینگەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بەهێزکردنی فەرمانگە ڕێکخراوەکان.

 

"بەبێ پاراستن، کەس ناتوانێت ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بژی"

مەهدیە هیلال لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە خۆپاراستن مافی هەموو زیندەوەرانە و هیچ کەسێک ناتوانێت ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بەبێ پاراستن بژی وتی: لەم قۆناغەدا کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەموو ژنان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان بەهێز بکەن، داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەین متمانە بە هێزی سروشتی خۆیان بکەن و خۆیان بپارێزن، چونکە خۆپاراستن هەوێنی هەموو شتێکە.