"دەبێت دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت"

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور سەبارەت بە هێرشی دوێنێی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە سەیدسادقی سلێمانی لێدوانێکیان دا و ڕایگەیاند، پێویستە لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٣ی ئاب، دەوڵەتی تورک لە سنووری سەیدسادقی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد،  لەئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا، دوو ژنی ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا و ٦ ڕۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون.

 

لە چوارچێوەی کاردانەوە و هەڵوێستەکان دژی هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دوای ڕۆژێک لە هۆشدارییەکەی RSF سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان، دوو ڕۆژنامەنووسی ژن کوژران، ڕۆژی ٢٣ی ئاب لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا و ڕێبین بەکریش بریندار بوو، هەر سێ ڕۆژنامەنووسەکە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ستێرک کە سەر بە کۆمپانیای چەترە کاریان دەکرد.

 

بە وتەی شایەتحاڵان، ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی سەیدسادقی سلێمانی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ئەنقەرە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەنجام نەدراوە.

 

هەروەها لە هەمان بەیاننامەدا جۆناسان داگەر، بەرپرسی ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ڕایگەیاند: بە کوشتنی سێ ڕۆژنامەنووس لە ماوەی تەنها دوو مانگدا، هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە شوێنە مەترسیدارەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا، ئەم هێرشە ئیدانە دەکەین کە بووە هۆی کوشتنی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، داوا لە دەسەڵاتدارانی کورد دەکەین هەموو وردەکارییەکانی ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن کە لەسەر خاکی خۆیان ئەنجام دراون، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری بەس نییە. پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کورد بپارێزرێن و بۆ هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا لێپرسینەوە بکرێت.