کۆڵبەری بۆ نان، بە نرخی ژیان

ژنانی کۆڵبەر بە تێچووی گیانیان نان پەیدا دەکەن، ناچارن دونیا لەسەر شانی خۆیان هەڵبگرن بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.

سروشا ئەمین

 

ناوەندی هەواڵ- دوو بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا، هەمووان وەها بیریان دەکردەوە کە لە کوردستاندا کۆڵبەرەکان تەنها پیاوانن و بە باری پشتیانەوە لەسەر لوتکەی چیاکاندا سنوورەکان تێدەپەڕێنن، بەڵام ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی گروپێکی نەناسراو دەبینەوە لە ژنان کە بەهۆی هەژاریی بەربڵاو، نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، نەبوونی وەبەرهێنانی بەردەوام و ڕەخساندنی هەلی کار، بە ڕواڵەت و جلوبەرگی پیاوانەوە، شان بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دادەنەوێنن و  بە ڕێگایەکدا تێدەپەڕن کە تەنانەت لەناو خۆیاندا بە "ڕێگای تاریکی و مردن" بەناوی دەکەن، بەڵام هەمیشەش وێنەکانی بڵادەبنەوە وێنەی پیاوانی کۆڵبەرن و ڕەنج و زەحمەتی ژنان وەلا نراوە.

 

کۆڵبەری کار نییە

بەڵگەنامەی سەرەکی یاسایی لە ئێران، کە گەرەنتی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتی بە کارێکی شیاو دەکات، لە مادەی ٢٨ی دەستوورەکەیدا هاتووە، "هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کارێک هەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت و دژ بە ئیسلام و بەرژەوەندی گشتی و مافەکانی ئەوانی تر نەبێت، حکومەت ئەرکی ئەوەیە کە دەرفەت بۆ هەموو مرۆڤەکان بڕەخسێنێت، تا لە هەلومەرجێکی یەکساندا کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار بە ڕێزگرتن لە پێداویستییەکان لە کۆمەڵگەدا بۆ کارە جۆراوجۆرەکان.

 

بەپێی ئامارەکانی دەردەکەوێت، لە ماوەی ڕابردوودا ئاستی هەژاری لە ئێراندا زیادی کردووە، لە دۆخێکی ئابووری ئاوادا، شتێکی سروشتییە کە ژنانیش ناچار بکرێن بچنە ناو ئەو بازنەی کارەوە، کە حکومەت بە بازرگانیکردنی دەزانێت و بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

 

هاتنی ژنان بۆ ناو کاری کۆڵبەری بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەناوبانگترینیان ژنێکە بە ناوی "خانم"، کە فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەری دروستکراوە، تێیدا دەڵێت کە ٢٦ ساڵە کاری کۆڵبەری کردووە، هاوشێوەی "خانم" ئەوەندە زیادی کردووە کە دەکرێ بڵێین بەداخەوە ژنانی ئەم خاکە بۆ ئەوەی کەمێک نان پەیدا بکەن، ناچارن ژیانی خۆیان بخەنە سەر دەست و بە ڕێگای مەرگدا دەڕۆن.

 

زۆربەیان لە هەفتەیەکدا سێ بۆ پێنج ڕۆژ بە پێی توانای جەستەیی خۆیان هەنگاو دەنێنە سەر ڕێگا سەختە سنوورییەکانی نێوان باکوور و باشووری کوردستان و سوتەمەنی، چا، تایەی ئۆتۆمبێل، پێداویستیەکانی تری بازاڕ، نان و شەکر لەسەر شانیان هەڵدەگرن و لە لایەکی دیکەشەوە کەلوپەلی تەندروستی هەڵدەگرن، لە ڕێگادا هەندێک جار لەلایەن پاسدارانی سنورەوە دەستگیر دەکرێن و ناچار دەکرێن هەموو بارەکان ڕادەست بکەن، لێرەدایە جیهان بەسەریاندا دەڕووخێت، چونکە نەک هەر حەقدەستی کەمی ڕۆژانەیان لەدەست دەدەن، بەڵکو چەند ملیۆن تمەنیش لەدەست دەدەن. چونکە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن بارەکە، ناچارن چەند جارێک بەبێ مووچە بچنە سەر ڕێگا سەختەکان، هەروەها سەدانیان دەکەونە ناو کێڵگەی مینی کاتی جەنگ و گیان لەدەست دەدەن.

 

لە پارێزگای هورمزگان، بەهۆی سنوورە ئاوییەکانی وڵاتانی عەرەبی دراوسێ و ئەگەری هاتنە ناوەوەی کاڵا، کۆمەڵێک ژن، کە زۆرجار بەڕێوەبەری ماڵن، دەچنە ناو بازاڕی کۆڵبەری و ئەو بارانەی چەند هێندەی خۆیان دەبێت، دەگوازنەوە تا بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

 

ژنان لە ڕواڵەتی پیاواندا

زیاتر لە دە ساڵە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ لە گوندەکانی کوردستان بەس نییە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، ڕەنگی جلوبەرگی ژنان گۆڕاوە و ڕووخساریان بووەتە ڕووخساری پیاوان، بەهۆی کێشەی بێکارییەوە، باری ٤٠-١٠٠ کیلۆیی هەڵدەگرن و لەسەر جادە سەختەکانی سەردەشت، پیرانشار، مەریوان، سەلاس باباجانی، جوانڕۆ و سەقزەوە دەیانگوازنەوە.

 

ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی ئازاری پشت و ئازاری جومگەکان بۆ ژنان، پیاوانی تر ڕاهاتوون بە بوونی ژن و زۆربەیان جاران کاڵایان دەبردە سنووری باشووری کوردستان و کاڵایان دەهێنایەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ گرانبوونی دۆلار تەنیا پارە دەهێنن، چونکە ئیتر قازانجیان بۆ نەماوە کە کاڵا بکڕن، کاسبکاران ڕاستەوخۆ بارەکانیان دەنێرن بۆ باشووری کوردستان، چونکە گوایە تێچووی گواستنەوەی لە بەندەر عەباس کەمترە، هەندێک لەو کاڵایانە یاسایی نین، چونکە هاوتای ناوخۆیییان هەیە و ژنان بە کرێیەکی کەمەوە کەلوپەلی وەک سەلاجە و تەلەفزیۆن لەسەر شان هەڵدەگرن، هەندێکجار زۆرێکیان نازانن چییان پێیە، بەهۆی نەبوونی سەرمایە، زۆربەی حەقدەستی کرێکاران بۆ ناوەندکاران دەڕوات، بەڵام قازانجی سەرەکی لەلایەن بازرگانەکانەوە دەست دەکەوێت، کە نەک هەر کرێی گومرگی نادەن، بەڵکو بە هەرزانترین و نامرۆڤانەترین شێوە کاڵا هاوردە دەکەن.

 

بێدەنگی بەرپرسان و بەرپرسانی رژێمی ئێران سەبارەت بە ژنانی کۆڵبەر لەم ساڵانەدا، لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی ناوچەیی لە ئێران لیستێکی دوور و درێژی سنووردارکردن و بەدەرکردنیان بۆ ژنان ئامادە کردووە، هێرش دەکەنە سەر جلوبەرگی ئازادانەی ژنان و سزایان بۆ دیاری دەکەن، بەڵام ئەو کێشە و زەرەر و زیانە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە فەتواکانیاندا باس ناکرێت.