دایکانی ئاشتیی وان: کلیل بۆ بەدیهاتنی ئاشتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمانە
دایکانی ئاشتیی شاری وان داوایان لە دەوڵەت و جیهان کرد کە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای زیندانەکان، دەستبەجێ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستەبەر بکرێت.
مەمیهان هیلبین زەیدان
وان – زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا تێپەڕیوە کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، دەستی پێکردووە. دەوڵەت تا ئێستا جگە لە پێدانی بەڵێنی جۆراوجۆر و ئەنجامدانی وتاری پەرلەمانی لەسەر ئاشتی، هیچ شتێکی تری نەکردووە. بەڵام گەل بەردەوامە لە داواکارییەکانی بۆ ئاشتی، هەنگاوە یاساییە پێویستەکان و ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان ، و بۆ ئەم مەبەستەش چالاکی و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر ڕێکدەخات.
ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لە پێناو تێکۆشانی ئازادیدا لەدەستداوە، وەک پێشەنگەکانی پرۆسەی ئاشتی دەبینرێن. هەندێکیان، سەرەڕای ئەوەی چەندین منداڵ یاخود خزمێکی نزیکیان لەدەستداوە، دەستبەرداری پێداگری خۆیان لەسەر ئاشتی نابن.
"دەبێت دەرگای زیندانەکان ئێستا بکرێنەوە"
زەلیخا بۆر، ئەندامی دایکانی ئاشتی شاری وان کە کوڕێکی بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە لە زینداندایە جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەهێزکردنی متمانە بە پرۆسەی ئاشتی، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی پێویستە و وتی: دەبێت ئێستا دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە، ئێمە دەمانەوێت ڕێبەرەکەمان لە نێو خۆماندا بە ئازادی ببینین، با پرۆسەکە پێش بکەوێت و ئاشتی لە زووترین کاتدا بەدیبێت، ساڵانێکە ڕێبەرەکەمانیان لە زینداندا هێشتووەتەوە؛ ئیتر بەسە، دەمانەوێت ئەو لە نێو گەلەکەیدا ببینین.
"ئیتر بەسە، بۆ ئازادیی جەستەیی ئەو زۆر درەنگە"
دایکی ئاشتی، ئەمینە ئەنگودەر، ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی ئاشتی نابێت تەنیا بە تورکیاوە سنووردار بێت و وتی: بانگەوازی ئێمە بۆ جیهانە؛ بەتایبەتی ژنان و دایکان دەبێت پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەن. پرۆسەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دەستی پێکرد، بەڵام بەداخەوە، دەوڵەت هێشتا هیچ هەنگاوێکی لەمبارەیەوە نەناوە. داواکاری ژنان، دایکان و گەل ئەوەیە کە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمان دەستەبەر بکرێت. وەک هەموو ڕێبەران، ئێمە دەمانەوێت ڕێبەرەکەمان لەگەڵ گەلەکەیدا بێت، پێویستە بتوانێت لەسەر مێزێک دابنیشێت و لەگەڵ هەموو توێژەکانی گەلەکەیدا قسە بکات. ئەو ڕۆژەی ڕێبەرەکەمان بە ئازادی دەبینین، بۆ ئێمە بە واتای ئازادی دێت، تا ئازادیی جەستەیی ئەو دەستەبەر نەکرێت، ناتوانین باسی ئازادیی خۆمان بکەین. ئیتر بەسە، بۆ ئازادیی جەستەیی ئەو زۆر درەنگە.
"با دایکانی کورد و تورک نەگرین"
گولبەیان میهچی، باسی لەو میتینگانە کرد کە لە چوار شاردا بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرابوون و وتی: ڕێبەری گەلی کورد پرۆسەیەکی پیرۆزی دەستپێکرد. ساڵ و نیوێک بەسەر دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەدا تێپەڕیوە، بەڵام بەداخەوە دەوڵەت یەک هەنگاویشی نەناوە، ئێمە هەموو خوازیاری ئاشتین، وەک ڕێبەرەکەمان. ڕێبەرەکەمان دەیەوێت شەڕ ڕابگیرێت، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، چەکەکانی خۆی سووتاندووە؛ ئێستا پێویستە دەوڵەت هەنگاو بنێت. با گەلانی کورد و تورک پێکەوە لە ناو ئاشتیدا بژین. با چیتر خوێن نەڕژێت، با دایکانی کورد و تورک نەگرین، با ئەوانیش وەک ئێمە بۆ ئاشتی دەست بدەنە دەستی یەکتر. وەک دایکانی ئاشتی، لە سەرەتای پرۆسەکەوە لەم ڕێگەیەداین، چونکە ئێمە قورسترین باج دەدەین. با هیچ دایکێک منداڵەکەی لەدەست نەدات.
"ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئاشتی، ئاشتی"
دایکی ئاشتی گولبەیان میهچی، بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا: دەبێت دەستبەجێ هەنگاو بنرێت، دەبێت دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە و زیندانیانی نەخۆش دەستبەجێ ئازاد بکرێن، پێویستە بڕیارەکانی لەسێدارەدانی زیندانیان هەڵبوەشێنرێنەوە. ئێمە هەموو پابەندی ئیرادەی ڕێبەرین، ئەو تاکە ڕێبەرە کە ماف بە ژنان دەبەخشێت، لەبەر ئەم هۆکارە، بەتایبەتی ژنان لە تەنیشتی دەوەستن و ئازادیی جەستەیی ئەو دەخوازن. لە جیهاندا کەسێکی تر نییە بتوانێت بیر لەو بیرۆکە و ئامانجانە بکاتەوە یاخود دەریانببڕێت کە لەلایەن ڕێبەرەوە داڕێژراون. ئێمە ئاشتیمان دەوێت. ئاشتی, ئاشتی.
"ئێمە چیتر لەلایەن کەسەوە ناخەڵەتێین"
هایلاز کەسەرجی لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوی بۆ هەر چوار پارچەکەی کوردستان نارد و وتی: خودا هێز بداتە گەلی کورد بۆ ئازادی و ئاشتی. پێش هەر شتێک، دەبێت گەلی کورد یەکگرتوو بێت. ئێمە چیتر لەلایەن کەسەوە ناخەڵەتێین. گەنجانی ئێمە، منداڵانی ئێمە، ژیانی خۆیان لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن. ساڵانێکە نەمانتوانیوە تەنانەت ئێسکی مردووەکانی گەلەکەشمان ببینین، بەسە، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، کورد گەلێکی زاڵم نییە؛ ئێمە لە لایەنی ئاشتین، ئێمە هاوپەیمانیی خۆمان پێکدەهێنین، ئاشتی و ئازادی بەدەست دەهێنین. ئەگەر پرۆسەکە تەنیا لەسەر کورد بێت، پرۆسەکە ناتوانێت بەردەوام بێت، ساڵانێکە چەندین یاری لەسەر کورد کراوە، بەڵام چیتر و نابێت؛ پێویستە کەس هەوڵ نەدات بمانخەڵەتێنێت، ئێمە لە بەدیهێنانی ئاشتیدا لە تەنیشت ڕێبەرەکەمان دەبین و دەبێت لە زووترین کاتدا هەنگاو بنرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ئەو.
"بێ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت ئازاد بێت"
ئەمینە ئەتاک، ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پێناو هەموو گەلانی ژێردەستەدا تێدەکۆشێت و وتی: دەبوو تا ئێستا ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمان دەستەبەر بکرایە، بەبێ ئازادیی ڕێبەرەکەمان کەس ناتوانێت ئازاد بێت. ئەگەر ئازادیی ڕێبەر دەستەبەر بکرایە و زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکان ئازاد بکرانایە، ئێمە هەنگاوێکمان بەرەو پێشەوە دەبینی، بەڵام ئەوان ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمان گەرەنتی ناکەن، ئەگەر ئەو ئازاد نەبێت، ئێمەش ناتوانین ئازاد بین. با هەنگاوێک بەرەو ئازادیی ئەو بنێن.
ئەمینە ئەتاک لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە دەوڵەت هەنگاوێک بنێت تاوەکو متمانەیان پێ بکەن. ئەمینە بەم وتانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: تا ئەوان هەنگاوێک نەنێن، متمانەمان نەماوە. ساڵ و نیوێکە ئێمە تازە بە تازە دەتوانین هەناسەیەک هەڵکێشین، ڕێبەرایەتی هەنگاوێکی نا و ئارامی هات. بەڵام ئازادیی جەستەیی ڕێبەر هێشتا دەستەبەر نەکراوە، دەبێت ئازادیی جەستەیی ئەو بێ دواکەوتنی زیاتر دەستەبەر بکرێت تاوەکو هەموومان ئازاد بین. بژی ئازادی!