دایکانی ئامەد: ئاشتی پێویستی بە هەنگاوی ڕاستەقینە و ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان هەیە

ژنانی ئامەد، سەرەڕای لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان، داوای ئاشتی دەکەن و دەڵێن متمانە بە دابینکردنی مافەکان، ئازادکردنی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و کردنەوەی دەرگای زیندانەکان بەدی دێت.

ئاکین ستێرک

ئامەد ـ دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و ململانێ و ئەو کارەساتانەی بەدوای خۆیدا جێیهێشتن لە زیانبەرکەوتووان، دەستبەسەرکردن، دەرکردن و ئازاری کۆبووەوە، ئەو دایکانەی کوڕ و کەسوکاریان لەدەست داوە، پرۆسەی ئاشتی وەکو دەرفەتێک دەبینن بۆ کۆتاییهێنان بە سووڕی توندوتیژی و کردنەوەی ڕێگا لەبەردەم چارەسەرێکی هەمیشەییدا.

 

سەرەڕای ئەوەش، گفتوگۆکانیان دۆخێک لە نیگەرانی دەردەخەن سەبارەت بە خاویی پرۆسەکە و نەبوونی هەنگاوی بەس تا ئێستا، و جەختی لەوە کردەوە، کە ئاشتی تەنها بە یاساکان بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی سیاسی و یاسایی بەرجەستە هەیە کە متمانە بێنێتەوە کایەوە و ماف و ئازادییەکان مسۆگەر بکات.

 

"تاوەکو ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بەدی نەیەت، ئێمەش ئازاد نابین"

 

 

مەقبوولە ئاجیکگۆز، کە کوڕەکەی خەبات ئاجیکگۆز (جاڤراش ئامەد) و یەکێک لە براکانی و هاوژینی کچەکەی لە کاتی شەڕدا لەدەست داوە، ڕایگەیاند. کە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ خواستی ئەواندا یەکناگرێتەوە، کورد بوونەتە خاوەنی هۆشیارییەکی زیاتر سەبارەت بە مافەکانیان و پاشەکشە لە داواکارییەکانیان ناکەن و ڕێگەش نادەن دەستکاری بکرێن.

 

ئامادەیی کە داواکارییە سەرەکییەکانیان مافی زمان و کولتوور دەگرێتەوە وتی: دەمانەوێت بە زمانی خۆمان بژین، منداڵەکانمان بە زمانی خۆیان خوێندن وەرگرن، بە ئازادی بە زمانی خۆمان بخوێنینەوە و بنووسین.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە هەنگاوی کرداری و ڕاستەقینە هەیە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو یاسایانەی دەرچوون هێشتا لە ئاست خواستی ئەواندا نیین، وتی:باسکردنی ئازادیی کورد بە بێ بەدیهێنانی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ئەستەمە.

داوای لە پەرلەمان کرد هەنگاوی جدی بنێت کە ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان مسۆگەر بکات، بانگەوازی کرد بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و بونیادنانی یەکڕیزی لەسەر بنەمای خۆشەویستی و پێکەوەی، و هەنگاونان بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی و ڕاستەقینە.

 

"با یەک بگرین"

 

 

هاجیرە ئەڵکان جەختی لەوە کردەوە، کە پرۆسەی ئاشتی خاوەن پێگە و گرنگییەکی مێژووییە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرکەوتنی پێویستی بە گۆڕانکاریی یاسایی هەیە کە زەمینەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بڕەخسێنێت و ڕێگا لەبەردەم گەڕانەوەی دەستبەسەرکراوان و ئەوانەی لە چیا و دەربەدەرین بۆ نیشتمانەکەیان بکاتەوە وتی: دەمانەوێت ژینگەیەک بونیاد بنێین کە ئاشتی تێیدا باڵادەست بێت، بە شێوازێک کە هەمووان پێکەوە بژین، پێویستە یاسا پێویستەکان دەربکەن و هەمووان بۆ نیشتمانەکەیان بگەڕێننەوە.

 

ئەو ڕەخنەی لە یاسا نوێیەکان گرت و بە بەسی نەزانی بۆ جێبەجێکردنی ئاواتەکانیان و داوای هەموارکردنەوەیان کرد، ئێمە تەنها ساڵانێکە ئاشتیمان دەوێت و تا ئەو کاتەی کە بوونمان هەبێت، ناسنامە و زمانەکەمان دەپارێزین و دەستیان پێدەگرین.

 

"با ڕاسپاردەی منداڵەکانمان بێتەدی"

 

 

ئامینە ئال، کە کوڕەکەی محەمەد شیار ئال (ژیا ئامەد) لەدەست داوە، و لە هەمان کاتدا کچەکەی گوڵستان ئال دەستبەسەر کراوە و سزای زیندانی هەمیشەیی توندی بەسەردا سەپێنراوە، جەختی لەوە کردەوە، کە داواکارییە سەرەکییەکەی بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەوەی کە بە ڕاسپاردەی منداڵەکانی ناوی دەبات، بانگەوازی لە چینی جیاوازی کۆمەڵگە کرد کە ئاشتی لە باوەش بگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕێبەر ئۆجالان چەندین ساڵە داوای ئاشتی دەکات، و پرۆسەی ئێستاش لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازانەدا هاتوە، دەبێت ئاشتی تەنها داواکاریی لایەنێک نەبێت وتی: ئێمەی کورد ئاشتیمان دەوێت، دەمانەوێت تورکەکانیش ئاشتییان بوێت، ئێمە هەمیشە داوای ئاشتیمان کردووە، بەردەوامیش دەبین لە داواکردنی.

 

پەیوەندیی نێوان ئاشتی و دانپێدانان بە مافە زمانی و کولتوورییەکانی بەستەوە، داوای کرد پێگەیەکی یاسایی و فەرمی بە زمانی کوردی بدرێت، و بانگەوازی لە پێکهاتە جیاوازەکان کرد لە علەوی، چەرکەس، سریان، تورکیا و کورد، کە هەڵوێستەکانیان لەپێناوی ئاشتیدا یەک بخەن.

 

ڕوونیکردەوە، کە کردنەوەی دەرگای زیندانەکان و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، لەلای ئەوەوە دوو مەرجی سەرەکین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، وتی: دەمەوێت دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە، منداڵەکانمان لە نێوان چوار دیوارەکەدا دەرچن، هەروەها پێویستە ڕێبەرەکەمان ئازادیی جەستەیی خۆی وەربگرێت، دەمانەوێت لەناو گەلەکەیدا بێت، هەروەها ئاشتی نایەت تاوەکو ڕێبەر ئۆجالان ئازاد نەبێت.

 

"ئاشتی چارەسەری هەموو کێشەکانە"

 

 

سۆنگول شەکەر ڕوونیکردەوە، کە ژمارەیەک لە کەسوکاری گیانیان لە دەست داوە لە ساڵانی ململانێدا، پاڵنانی پرۆسەی ئاشتی بۆ پێشەوە پێویستی بە ڕێکخستنی یاسایی بەهێزتر و هەنگاوی کرداری هەیە کە ڕێگا لەبەردەم چارەسەرێکی هەمیشەییدا بکاتەوە، کە یاساکان هێشتا ناتەواون و بەس نیین، وتی: ئێمە ئاشتیمان دەوێت، دەبێت ڕێبەرەکەمان ئازادیی خۆی بەدەست بهێنێت، دەبێت یاسا دەربکرێن کە ڕێگا لەبەردەم چارەسەرێکی هەمیشەیی بکەنەوە، یاساکانی ئێستا ناڕەوان و لە ئاست ئەوەدا نیین ببنە چارەسەر.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە خێزانەکان چیتر توانای بەرگەگرتنی بەردەوامیی ململانێ و کەوتنی قوربانیی زیاتریان نییە، و وتی: دەبێت چیتر هیچ کەسێک گیان لە دەست نەدات، ئاشتی چارەسەری هەموو کێشەکانە،  داوای لە دەوڵەت کرد هەنگاوی جدی و خێرا بنێت، کە بونیادنانی ئاشتی پێویستی بە زەمینەیەکی ڕاست و کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی ململانێ و بەهێزکردنی یەکڕیزی هەیە، ئەگەر هەنگاوی ڕاست بنرێت، دەکرێت ئاشتی بەدی بێت، دەبێت ئاشتی لەسەر زەمینەیەکی ڕاست و بەبێ دواکەوتن بونیاد بنرێت.

 

خەباتێکی بەردەوام بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ 

 

 

لە هەمان چوارچێوەدا، مونیجە یەنی کە کوڕەکەی زەندان یەنی (دژوار شرزان) چوار ساڵ لەمەوبەر لەدەست داوە، رەخنەی لە خاویی پرۆسەی ئاشتی گرت، جەختی لەوە کردەوە، کە تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر دەستپێکیدا، وەک خۆی وتی: شاهیدی ئەوە نەبووە کە هەنگاوی بەس کە خێزانەکان چاوەڕێی دەکەن بنرێن، بەڵکو ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێکی گرنگ، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوانە نابینین کە چاوەڕێیان دەکەین.

 

ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو لایەنەی داوای ئاشتی کردووە چەندین هەنگاوی ناون، لەوانە لەناوبردنی چەکەکان و بەستنی کۆنگرە و بڕیاردان لەسەر چارەسەر، لە بەرامبەریشدا جەختی لە پێویستیی هەنگاوی هاوشێوە لەلایەن لایەنەکەی ترەوە کردەوە وتی: متمانەمان بە خۆمان هەیە، ئێمە هەنگاوە یەکەمەکانمان نا، چەکەکان سووتێنران، کۆنگرە بەسترا، بڕیاری چارەسەر درا، منیش کوڕەکەم لەدەست داوە، سەرەڕای ئەوەش دەمەوێت هەنگاوە پێویستەکان بنرێن.

 

پرسیاری لە هۆکارەکانی خاویی دەسەڵات کرد، ڕوونیکردەوە، کە پرۆسەیەکی بەو قەبارەیە بەرگەی دواکەوتنی زیاتر ناگرێت، بەتایبەت دوای دەیان ساڵ لە ململانێ، وتی: بۆچی دەسەڵات بەم شێوە خاوە هەنگاوەکانی دەنێت؟ خەباتێک هەیە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵە بەردەوامە، ڕاستە هەموو شتێک لە ماوەی ساڵێکدا بەدی نایەت، بەڵام دەبێت پرۆسەکە بەم خاویە نەبێت، گرتنەبەری هەنگاوی ڕاستگۆیانە و بەرجەستە متمانەی خێزانەکان دەگەڕێنێتەوە.

 

"با ڕەنگەکانمان یەک بخەین"

 

 

شەفیقە بیازید جەختی لەسەر پێویستیی پێشڕەویی پرۆسەی ئاشتی لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتی و ئاشتیخوازانە کردەوە، کە دایکان چیتر ناتوانن بەرگەی بەردەوامیی ململانێ و ڕشتنی خوێن بگرن وتی: دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە بە شێوازێکی ئاشتیخوازانە و دیموکراتی پێش بکەوێت، چیتر خوێن ڕشتنمان ناوێت، ئەم پرۆسەیە دواکەوتووە، دەبوو زۆر پێشتر دەستی پێ بکردایە.

 

ئاماژەی بەوەش دا، کە دەستپێکردنی پرۆسەکە لە کاتێکی زوودا ڕێگەی لە گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زیاتر لە گەنجان دەگرت، وتی: ئەگەر لەو کاتەدا دەستی پێ بکردایە، نە ئەم هەموو گەنجە گیانیان لە دەست دەدا، نە ئەم هەموو دایکەش دەگریان، هەروەها بانگەوازی لە چینی جیاوازی کۆمەڵگە کرد کە یەک بگرن و بەشداری لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا بکەن، جیاوازیی زمان و ناسنامە نابێت هۆکاری دابەشبوون بێت، ئەمڕۆ پێویستە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە کۆببنەوە، بۆ یەکگرتن و بەڕێوەبردنی ئەم ڕێگایە پێکەوە، هەموو گەلان ڕەنگێکن، با ڕەنگەکانمان یەکبخەین.