دایکانی سوەیدا: ڕفێنراوەکان پرسی سەرەکی ئێمەن

ژنانی کۆمەڵەی "سەنەد"و لایەنگرانیان هەموو سێشەممەیەک لە ناڕەزایەتییەکدا لە ناوەندی سوەیدا لە سووریا کۆدەبنەوە، بە هەڵگرتنی وێنەی کچ و کوڕە ڕفێندراوەکانیان، بەڵێنیان نوێ دەکەنەوە کە دانیشتنەکەیان ڕاناگرن تا هەموو ڕفێنراوەکان ئازاد دەکرێت.

ڕۆشێل جونیور 

 

سوەیدا- لە شوێنێکی میراسی کە هێمای خەبات و ئازادییە، ناڕەزایەتی هەفتانە هەموو سێشەممەیەک لە شاری سوەیدای سووریا نوێ دەکرێتەوە، چالاکییە هێماییەکانی وەک مۆم داگیرساندن و بەشداری هونەری لەخۆدەگرێت، کە فڵچە ئازار دەردەبڕێت و هونەر دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی بەرخۆدان. 

 

ئامانجی ناڕەزایەتییەکە فشارخستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو ژن و پیاوە ڕفێنراوانە، هەروەها ژنانی سوەیدا هەموو سێشەممەیەک ناڕەزایەتی هەفتانەی خۆیان نوێ دەکەنەوە. 

 

"ڕفێندراوەکان شکۆمەندی ئێمەن، ئێمەش پاشەکشە ناکەین لە داوای ئازادکردنیان" 

هودا خەداج، مامۆستای خانەنشینکراو و ئەندامی کۆمەڵەی "سنەد" ڕایگەیاند، ئێمە کۆمەڵێک چالاکوان و ژنانی خوێندەوار و ژنانی ماڵین کە لە ژێر ڕۆشنایی ئەم قەیرانەدا کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی دەستی هاوکاری بۆ کەسوکاری ڕفێنراوان درێژ بکەین، لە سەرەتای هێرشەکانی سەر سوەیداشەوە، ئێمە هەموو سێشەممەیەک وەستاوین و داوای ئازادکردنی ژن و پیاوە ڕفێنراوەکان دەکەین، چونکە ئەوان نوێنەرایەتی دۆزی ئێمە و شکۆی ئێمە دەکەن. 

 

جەختیشی لەوە کردەوە، نابێت لەبیریان بکەین، بۆیە بەردەوام دەبین لە وەستانەوە، گرنگ نییە بارودۆخەکە هەرچییەک بێت، تا چارەنووسی ئەوان بە تایبەت ژنان و منداڵان دەزانین، ئەوان بەشێکن لە ئێمە و گەلەکەمان، هیوادارم هەڵوێستی داهاتوومان ئاهەنگێک بێت بۆ ئازادی ئەوان و گەڕانەوەی سەلامەتیان بۆ لای ئێمە. 

 

هودا خەداج لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە بەهاکانی شاخی عەرب کرد، وتی: ژنانی شاخ لەسەر بەها و شکۆ پەروەردە کراون، شیاوی ئەوە نین کە بڕفێندرێن یان پەراوێز بخرێن، ئێمە بە ئازادی لەدایک بووین و بە ئازادی ژیاوین، خێزان و داپیرە و باپیرانمان متمانەی بەخۆبوون و پابەندبوونیان بە هەڵوێست و قسەکانمانەوە لە ئێمەدا چاند، ئێمە منداڵەکانمان گەورەمان کرد بۆ ئەوەی ئازاد و خوێندەوار و پابەند بە بنەما بەرزەکانەوە، هەرگیز قبوڵی ناکەین کە ژنەکانمان وەک دیل مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت یان پێگەی ئەوان کەم بکرێتەوە ئێمە ئازادین، هەرواش دەمێنینەوە. 

"دایکانی ڕفێنراوەکان ناتوانن بخەون" 

ڕانیا ناسیف، لە کۆمەڵەی سەنەد، ڕایگەیاند، ئێمە بەشداری ئەو ئاگادارییە هەفتانەیە دەکەین، کە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ژن و پیاوە ڕفێنراوانە دەکەین، کە بە زۆر لە شوێنی نادیار بێسەروشوێن کراون، کە ئێمە هیچیان لەبارەیەوە نازانین، ئەمانە کچ و کوڕەکانی ئێمەن، و دایکیان بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێیان دەکەن، ناتوانن بخەون. 

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، کە داواکارییەکەمان سادە و ڕوونە: چارەنووسیان بزانین، و بەردەوام دەبین لە داوای ئازادکردنیان بەبێ ماندووبوون، هیوادارین کە چاودێری داهاتوومان دوامان بێت، و ئەوانیش بە ئازادی بگەڕێنەوە بۆ لای ئێمە،  خۆشیمان تەواو نابێت، و سەرکەوتنەکەمان بەدەست ناهێنرێت، تا ئەو کاتەی ئەوان دەگەڕێنەوە نێومان. 

 

ڕانیا ناسیف بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، وتی: لە سەرەتای قەیرانەکانەوە لەم شوێنە وەستاوین و داوای ئەوە دەکەین چارەنووسی ژن و پیاوە ڕفێنراوەکان ئاشکرا بکرێن، ئێمە زۆر پێویستمان پێیان هەیە و بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناومان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بە ڕاستی دۆسیەکەیان و ئازارەکانی دایکانیان لەبەرچاو بگرن، کە نە ئارامی و خەویان نییە، هەروەها مافی خۆیانە چارەنووسییان بزانن. 

"لە دڵی میراسەوە دەنگمان بۆ ئازادی بەرز دەکەینەوە" 

وەفا خەداج، لە گروپی "بصمة وطن" "شوێنپێی نیشتمان" لە شەهبا، جەختی لەسەر هێماسازی ئەو شوێنە کردەوە، وتی: ئێمە لێرە لە میراسێکداین کە واتایەکی قوڵی لە شاری شەهبادا هەیە، مێژووە گەورەکەمان بەرجەستە دەکات و خەباتی بەردەواممان بۆ ئەو ئازادییەی کە هەمیشە خەونمان پێیەوە دەبینی، تەنانەت ئەگەر هێشتا نەگەیشتووین بەو شتەی کە ئاواتەخوازین، ئەم شوێنە بەهای مێژووی گەورەی هەیە، لێرەوە دەنگ بەرز دەکەینەوە بۆ داوای مافەکانمان، بە هەموو ئیرادەیەکەوە، بە هەموو ئازادییەکەوە، و بە هەموو متمانە و ئاسایشێکەوە. 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هەموو سێشەممەیەک بەردەوامین لە وریاییمان، و بەردەوام دەبین لە وەستان تا ئەو کاتەی دۆزی دادپەروەرانە هەبێت کە شایەنی ئەوە بێت دەنگی بۆ بەرز بکەینەوە، داوای گەڕانەوەی ژنە ئازادە بەزۆر بێسەروشوێنکراوەکانمان و گەنجەکانمان دەکەین کە لە ماڵەکانیان ڕفێنراون، کە جگە لە بێچەک بوون هیچ تاوانێکی تریان ئەنجام نەداوە. 

"بە بێ هۆکار ڕفێندراون... بە چ مافێک؟" 

مونیرە قەبانی، مامۆستای خانەنشینکراو، بە ئازارێکی قوڵەوە چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، وتی: یەکێک لە خزمەکانم کە تاکە بژێوی خێزانەکەی بوو، لە ١٥ی تەمووز ڕفێندرا، بێ چەک بوو، بە چ مافێک دەبوو بڕفێنرێت؟ ئەمە چ نادادپەروەرییە؟ ئێمە شاهیدی چ ڕق و کینەیەک بووین؟ بانگەوازی جیهان دەکەین لەگەڵمان بوەستێت، سەرەڕای هەستکردنمان بەوەی لەم قەیرانەدا بە تەنها ماوینەتەوە. 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکاری گەڕانەوەی ئەو بێتاوانانە دەکەین کە بەبێ تاوان و بەبێ چەک و بەبێ هۆکار ڕفێنراون، ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین کە نە خراپەکاری دەزانین و نە ڕق و کینە، هەمیشە ماڵەکانمان بەڕووی بێچەکدا کردووەتەوە، بەڵام پاداشتەکەمان خیانەت بووە. 

"هونەر بەرخۆدانیشە" 

سەهەر مەکارم، هونەرمەندێکی هاوڵاتی سوەیدا، بە فڵچە و ڕەنگ هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی: ئەمڕۆ ئێمە هەڵمانبژارد کە ئازاری تابلۆکانمان بەرجەستە بکەین، بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو دایکانەی کە خەمبارن بە لەدەستدانی منداڵەکانیان، لەگەڵ دەنگی ئەو خێزانانەی کە هێشتا چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیانن، هەروەها دەنگی ئەو کەسانەی کە منداڵەکانیان لەدەستدا، لە هێرشەکانی سەر سوەیدا لەسەر دەستی جیهادییەکانی هەتەشە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ بە یەک هەڵوێست و یەکگرتوو کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی ئازارەکان وێنا بکەین و داوای دادپەروەری بکەین، چونکە هونەر بەرخۆدانێکیشە.