دایە مینا سوڵتانی سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا
دایە مینا سوڵتانی لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە سزای ٨ مانگ زیندانیکردن و سزای ماددی یەک ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ
دایە مینا سوڵتانی زارع، دایکی شەهریار محەمەدی، یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ بۆکان ، بە ٨ مانگ زیندان و یەک ملیۆن غەرامە مەحکووم کرا.
بەم پێیە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم" و "بوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ حیجابی ئیسلامی" بە ٨ مانگ زیندان و سزای ماددی یەک ملیۆن تمەن سزا درا.
میلاد محەمەدی، کوڕی دایە مینا، ڕایگەیاندووە، بڕیارەکە "بە شێوەیەکی زارەکی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی نووسراو" بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.
دایە مینا سوڵتانی بەهۆی چالاکییەکانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە فشار و هەڕەشەی لێکرابوو.
پێشتریش کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی ، دەستگیریان کرد، دواجار پاش ٢١ ڕۆژ دەستبەسەر و لێپرسینەوە لە زیندانی ورمێ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.