داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لە خنکانی گوماناوی د.فرمێسک فەرهاد دەکرێت
پزیشک "فرمێسک فەرهاد" لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە مەلەوانگەیەكی هەولێردا خنکاو باوکی ڕایدەگەیەنێت، نە بۆ ئەوان و نە بۆ ڕایگشتی و دادگاش ڕوون نەبووەتەوە كچەكەی چۆن خنكاوە.
ناوەندی هەواڵ
فرمێسك فەرهاد مەلا حەسەن، پزیشکی ددان کە هونەرمەندیش بوو پرۆژەیەکی بۆ گونجاندنی هونەر و پزیشکی بەناوی "هونەر و تەندروستی لە پێناو مرۆڤایەتی" ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی ٧ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە مەلەوانگەیەکی ھەولێردا خنکا و کەسوکارەکەشی سکاڵایان لەسەر خاوەنی مەلەوانگەکە تۆمار کرد، چونکە گومانیان لە شێوازی گیانلەدەستدانی کچکەیان هەبوو.
دوای ئەوەی دادگا بێتاوانیی تۆمەتبارانی ڕاگەیاند، فەرهاد مەلا حەسەن، باوكی د.فرمێسك، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر وتی:" تانەمان لە بڕیارەکەی دادگا داوە، پرسیارێك لەلای ئێمە و میدیاكان و دادگاییش دروستبووە، ئەو دكتۆرە چۆن خنكا؟".
ئاماژەی بەوەشکرد کە پەلە كراوە لە ڕەوانەكردنی كەیسەكە و دەبوایە وردتر کاری لەسەر بکرایە، دەشڵێت: "نەزانینی ئەوەی چۆن فرمێسك خنكاوە كەموكورتی دروست دەكات لەناو كەیسەكەدا، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی داوەریی، فرمێسك هیچ حاڵەتێكی تەندروستی خراپی نەبووە و بە جەڵتە گیانی لەدەست نەداوە، بۆیە دەبوایە لێكۆڵینەوەکە وردتر بكرایە".
باوکی د.فرمێسک ئەوەی خستەڕوو کە ئەو مەلەوانگەیە كەموكورتی تێدا بووەو كەموكورتییەكانیش بە مەبەست بووە و وتی: "بەڵام دادگا گوێی لێنەگرتین، كە كەسی كەمتەرخەم بدرێنە دادگا و سزا بدرێن، ئێمە دەمانەوێت ئەوانەی كەمتەرخەمبوون بدرێنە دادگا، ڕاپۆرتی پزیشکی تەنها وتویەتی هەردوو لاسینگەكانی پڕبووە لە ئاو و بووەتەهۆی گیان لەدەستدانی، لەسەرەتادا دەستێوەردان لە كەیسەكەدا هەبووە، بەڵام نەیانهێشتووە دەستێوەردانەكان سەركەوتووبن".