"سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هیچ شەرعییەتێکی یاسایی نییە"
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ئەوە نیشان دەدات کە ڕژێم جگە لە لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی زیاتر هیچ بژاردەیەکی تر نابینێت.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250207-pakhshan-azizi1-jpgb031ff-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هیچ شەرعییەتێکی یاسایی نییە، سزاکە ئەوە نیشان دەدات کە ڕژێم جگە لە لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی زیاتر هیچ بژاردەیەکی تر نابینێت.
وتیشی: سزای لەسێدارەدانی پەخشان بەشێک لە سیاسەتی ڕژێمی ئێرانە لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”، هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی سزای لەسێدارەدانی ژنان لە وڵاتەکەدا بەرزبووەتەوە.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەشڵێت: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم هەڵوێست وەربگرن بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدان و دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەوین، تەنها لە ڕێگەی ناڕەزایی جەماوەری و فشاری نێودەوڵەتییەوە دەتوانرێت ڕێگە لە لەسێدارەدان بگیرێت.
جێگای ئاماژەیە، لە ٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد پەسەند کرا.