دانیشتووانی مەخموور پشتگیری لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکەن
بنەماڵەی شەهیدانی کامپی پەنابەرانی مەخموور ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی بەرخۆدێری ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.
مەخموور
دەزگای بنەماڵەی شەهیدان لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی بەرخۆدێری ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
ڕاگەیاندنەکە بە بەشداریکردنی کەسوکاری شەهیدان بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان لە بینای دەزگای بنەماڵەی شەهیدان بۆ هەموو ئازادیخوازانی کوردستان دەستیپێکرد، دوای مەراسیمەکە، لێدوانێک لەلایەن ساریا مارینۆس، دەزگای بنەماڵەی شەهیدانەوە پێشکەشکرا.
'ڕۆحی کۆبانی لە بەنداوی تشرین دەژی'
ساریا مارینۆس هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستانی لە کەسایەتی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەبیرهێنایەوە و وتی: دەوڵەتی تورک ساڵانێکە هێرشی جینۆساید و قڕکەر دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات، لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی بەرخۆدێرمان لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقوزاخ لە بەرامبەر هێرشەکان بەرخۆدان دەکەن و ڕۆحی کۆبانێ لە بەنداوی تشریندا دەژی.
'کاتێک باس لە کورد دەکرێت، جیهان بێدەنگە'
ساریا مارینۆس ڕاشیگەیاند، بێدەنگییەکی گەورەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەیە و وتیشی: لەبەرچاوی هەموو جیهان هێرش دەکرێتە سەر گەلی کورد و ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکرێن، بەڵام کاتێک باس لە کورد دەکرێت، جیهان بێدەنگە، بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر خەڵک و چاپەمەنی ئازاد دەکاتە ئامانج بۆ پەردەپۆشکردنی دڕندەییەکانی، بەڵام با دوژمن بزانێت، چی دەکات، با بیکات، سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەبێت.
"بە هێزی خۆمان هەموو هێرشەکانی دوژمن تێکدەشکێنین"
ساریا مارینۆس لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک گەلی مەخموور لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان لە تەنیشت گەلەکەمانەوە وەستاوین و پشتیوانی گەلەکەمان دەکەین، ئێمە بە یەکڕیزی و هێزمان هەموو هێرشەکانی دوژمن تێکدەشکێنین، داوا لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەین هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکان و پشتگیری لە گەلی بەرخۆدێر بکەن.
ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی 'شەهیدان هەرگیز نامرن'، 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' و 'بژی بەرخۆدانی قەسەدە' کۆتایی هات.