ناساندنی دەستووری نوێی سووریا بۆ زمانی دایک، ناساندنی ڕاستەقینەی کوردە
بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا، زۆر گرنگە دان بە ناسنامە و زمانی دایک و هەروەها مافی هەموو پێکهاتەکان بنێن.

نورشان عەبدی
کۆبانێ-لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ئێستای سووریا لە دوای ڕوخانی ڕژێم و سەرهەڵدانی حکومەتی کاتی، هەوڵێکی بەرچاو هەیە لەلایەن ئەو پێکهاتانەی کە ساڵانێکە لە مافەکانیان زەوتکراون بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان لە دەستووری نوێی سووریادا، لەگەڵ گەلی کورد لە پێشەنگی ئەو پێکهاتانەدا.
"زمانی دایکی مێژوو و ناسنامەی گەلە"
کۆمەڵگەی کورد لە سووریا توشی جینۆساید و سڕینەوە و نکۆڵیکردن بووە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆنیدا عەلی، کارگێڕی دەزگای زمانی کوردی لە کۆبانێ، جەختی لەوە کردەوە، کە بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک ئازاد، پێویستە هەموو پێکهاتەکان و گەلانی سووریا بناسرێن و دەستووری نوێی سووریاش دەبێت هەموو ناسنامە و زمان و نەتەوە و ئایینەکان قبوڵ بکات.
ڕونیشی کردەوە، کە حکومەتی کاتی هیچی نەگۆڕیوە لە سیاسەتی ڕژێمی پێشو و ڕەتیدەکاتەوە مافە ڕۆشنبیریەکانی بە کۆمەڵگەی کورد ببەخشێت، ئەوان سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ناسنامەکەیان و زمانەکەیان ڕەتدەکەنەوە، ئەوەی لە سووریا ڕودەدات- ڕەتکردنەوەی حکومەت و قبوڵنەکردنی هیچ مسۆگەریەکی یاسای بۆ کوردە لە دەستووری نوێی سووریادا- کە ڕاستی سیاسەتەکانی دەوڵەتە باڵادەستەکانە بەرامبەر گەلان و کەمینەکان.
ڕوونیکردەوە، کە سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی کە گەلی کورد لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەرگەی گرتوە، هەمیشە ڕێگای بەرخۆدانیان هەڵبژاردوە، بۆیە تا ئەمڕۆش گەلی کورد ماف و ناسنامە و زمانی دایکی خۆی دەپارێزێت، کە نوێنەرایەتیان دەکات و مێژووی خۆیەتی.
ڕۆنیدا جەختی لەوە کردەوە، کە زمانی دایک بۆ گەلان گرنگیەکی زۆری هەیە. وتی: زمان مێژوو و ناسنامەی گەلانە و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەیەک دەکات، بۆیە گرنگیەکی زۆری هەیە، کاتێک زلهێزە باڵادەستەکان پلانی بنبڕکردنی هەر گەلێک یان پێکهاتەیەک دادەنێن، هێرش دەکەنە سەر زمان و کلتووری خۆیان، بەمەش ئەو مرۆڤە لە بوون دەسڕنەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لە سووریا سەبارەت بە ڕێگریکردنی حکومەتی کاتی بۆ هەر جۆرە دەستەبەرکردنی مافەکانیان، وتی: ئێمە هەڵوێستی حکومەتی نوێ شەرمەزار دەکەین، کە کورد لە دەستوور بەدەر دەکات و دان بە زمانەکەمان و دەستکەوتەکانمان یان هێزەکانماندا نانێت، لەگەڵ ئەوەشدا گەلی کورد شەڕی کرد و قوربانی گەورەی دا بۆ بەدیهێنانی ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ داوای دەکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕێگە نادەین دەستکەوتی گەلانی ناوچەکە بدزرێت.
ڕۆنیدا عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە کورد وەک هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا جگە لە مسۆگەرکردنی مافەکانی لە دەستووری نوێی سووریادا هیچی تر ناخوازێت، وتی: دەبێت زمانی ئێمە دانی پێدا بنریت هەروەک چۆن زمانی عەرەبی دانپێدانراوە، نەک تەنها ئێمە، ماف بە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بدرێت: کورد، عەرەب، سریانی، ئاشوری، ئێمە داوای ئاشتی و دیموکراتی و بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتی دەکەین کە هەموو لایەک لە باوەش بگرێت.
"بە پاراستنی زمانەکەمان، بوون و ناسنامەی خۆمان دەسەلمێنین"
ڕۆنیدا عەلی وتی: لەپێناو پاراستنی زمانی دایکمان و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیەکەی، و بۆ ئەوەی بتوانین داوای مافەکانمان بکەین و زمانەکەمان لە سووریای نوێدا مسۆگەر بکەین، ئەوە ئەرکی ئێمەیە سەرەتا بیپارێزین، بۆ ئەم مەبەستەش دەزگای زمانی کوردی دەستیکردوە بە پێشکەشکردنی خول بۆ هەموو گروپە تەمەنیەکان لە گەڕەکەکاندا، لە ڕێگەی کۆمین و ئەنجومەنەکانەوە لە گوند و شارەکاندا، خولی سێ ئاستی زمانی کوردی پێشکەش دەکات، سەد ساڵە گەلی کورد لە چوار پارچە کردنی کوردستان توشی پێشێلکاری و کۆمەڵکوژی و هێرشی زۆر بووە، دەسەڵاتی ڕژێمەکان بەسەر گەلی کورددا بە ئامانجی بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەوان و ناسنامەکەیان و زمانەکەیان بەکاردەهێنن، بەڵام لە سووریا لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە ناوی شۆڕشی ژنانی لێنرا، ئێمە هێز و توانای شەڕکردن و وەستانەوەمان لە بەرامبەر پاوانخوازیدا بەدەستهێناوە، لە سایەی قوربانیدانی ڕۆڵەکانمان دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە ژنانی گەنجی گەلی کورد ناتوانین دەستبەرداری ئەو مافانە ببن، نە ڕێگە بدەین هێرشمان بکرێتە سەر یان لە گەلەکەمان بسەنرێتەوە، بۆیە ئێمەی کورد خاوەنی مافین و داوای مافەکانمان دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆنیدا عەلی بەگوێرەی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، کاتی گفتوگۆی سیاسی هاتوە، بۆیە پێویستە حکومەتی نوێ لە سووریا شەڕەکان ڕابگرێت و قۆناغێکی ئاشتی و دیموکراتی دەستپێبکات، بۆ ئەوەی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتی بونیاد بنێت کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت لەڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە.