٪٥٠ی ژنانی هاندەر لە یاریگاکانی تۆپی پێدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە

توێژینەوەیەکی نوێی ڕێکخراوی Kick It Out بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری ئاشکرایکردووە کە، نزیکەی نیوەی هاندەرانی تۆپی پێی ژن لە ئینگلتەرا و وێڵز ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی یان جیاکاری ڕەگەزی لە یاریگاکاندا دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی نوێی ڕێکخراوی Kick It Out بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، ئاشکرایکردووە کە نزیکەی ٥٠٪ی هاندەرانی تۆپی پێی ژن لە ئینگلتەرا و وێڵز لە یارییەکاندا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی یان ڕەفتاری دژە ژنانە دەبنەوە و زۆربەیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر بەڵام سکاڵایان نەکردووە و تۆمار نەکراوە.

 

توێژینەوەکە دەریخستووە کە جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز هێشتا کێشەیەکی سەرەکییە بۆ ئەو ژنانەی کە بەشداری یارییەکان دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زۆرینەی ژنان هەست بە سەلامەتی دەکەن لە بەشداریکردن لە یارییەکاندا.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی ٨٥٪ی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، هەرگیز ئەو ئازارەیان نەخستووەتەڕوو کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، چونکە پێیانوابوو ئەوە جیاوازی دروست ناکات.

 

بەرپرسی سەرەکی کارگێڕی لە کیک ئیت ئاوت وتی کە ئیدارەی تۆپی پێ دەبێت دەستوەردان بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە جیاکاری ڕەگەزی بە جددی وەربگیرێت و ژنان هەست بە سەلامەتی و متمانە بکەن بۆ ڕاپۆرتکردنی ئەو جیاکارییەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، "ئێمە زیادبوونی بەرچاومان بینیوە لە ڕاپۆرتەکانی جیاکاری سێکسی لە کیک ئیت ئاوت لە وەرزەکانی ڕابردوودا".

 

لە توێژینەوەکەدا تیشک خراوەتەسەر  بەکارهێنانی زمانی سێکسی، ئاماژەی بەوەشکردووە، ٥٣٪ی بەشداربووان پێیان وتراوە کە پێویستە لە شوێنێکی دیکە بن، وەک گەڕانەوە بۆ چێشتخانە.

 

لە ڕێگەی داتاکانی توێژینەوەکە، کیک ئیت ئاوت هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هەوادارە ژنەکان دەزانن کە دەستدرێژی سێکسی جیاکارییە و دەتوانرێت ڕاپۆرت بکرێت، هەروەها بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن دەتوانن ڕووبەڕووی ئەم ڕەفتارانە ببنەوە کاتێک لە ئامادەبوونیان لەناو یاریگاکاندا دەیبینن.