کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە دەستی ژنانی سووریادایە

ژنانی بەشداربووی دووەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە هۆڵی جەزیرە لە شاری حەلەب، جەختیان کردەوە کە ژنان ڕۆڵی کارایان لە تێپەڕاندنی قەیرانەکاندا هەیە.

فیدان عەبدوڵا

 

حەلەب - بە ئامادەبوونی ٢٥٠ نوێنەری ناوەوە و دەرەوەی سووریا لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای زوومەوە، دووەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە هۆڵی جەزیرە لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، ژنانی بەشدار لە کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنانی سووریا دووپاتیان کردەوە کە، بوونی ژنان لە کایەکانا کلیلی چارەسەری قەیرانەکانە.

 

"ڕۆڵی چالاکانەی ژنان بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات دەبینرێت"

نەسرین عەلی لە شاری تەرتووسەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو، ڕایگەیاند کە دڵخۆشە بە بەشداریکردن و ئامادەبوونی وەک میوان لە کۆنفرانسی دووەمی ئەنجومەنەکەدا، "لە ڕێگەی بەشداریکردنی ژنان بە بۆچوونەکانیان لە گفتوگۆکاندا، دەرکەوت کە چەند کۆت و بەندێک هەیە ڕێگری دەکات لە بەشداریکردنی ژنان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، زۆرێک لە لایەنەکان بە مەبەست ئەم کارە دەکەن، چونکە درک بەوە دەکەن کە بوون و ڕۆڵی چالاکانەی ژنان مەترسییە بۆ سەر خۆیان و پێگەی سەرکردایەتییەکانیان، ئەم بیرۆکانەش هەڵەن و ڕێگرن لە ئەرکی پەرەپێدانی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ قەیرانی سووریا، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی سووریا گەیشتوونەتە ناوەند و پێگەی گرنگ و ژنانی سووریاش نەک هەر توانای دۆزینەوەی چارەسەریان هەیە، بەڵکو ئەوان کلیلی سووریان بۆ چارەسەری قەیران و ململانێی سووریا.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، فرەچەشنی پەیکەری پێکهاتە جیاوازەکان و شارە جۆراوجۆرەکانی سووریا، سەرەڕای هەموو ئەو هەلومەرج و ئاستەنگانەی بەرکەوتوون و سەختی جوڵە، سەلماندوویەتی کە ژنانی سووریا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییان هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە هەیانە و ڕایدەگەیەنن، کە کار لەسەر بنیانانەوەی کۆمەڵگەی سووریا دەکەن".

 

ئەندازیار ڕەباب میرزاج لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە بەشدارە و ڕایگەیاند، “ئامادەبوونی زۆری ئەو گەنجانە سەرنجی منی لە کۆنفرانسەکەدا ڕاکێشا، بەو پێیەی بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی ئەم گروپە بە هیوایەک دادەنرێت بۆ ژنانی سووریا، سەبارەت بە دۆخی ژنان لە دیمەشق، دابەزینێکی بەرچاو لە ڕۆڵی ژنانی سووریادا هەیە، بناژۆخوازی پەرەی سەندووە، هەروەها کولتووری ئایینیی هەڵە ژنان گۆشەگیر دەکات و دەیخاتە دۆخێکی ترسناک و مەترسیدارەوە، ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، ژن لەو بوارانە دەکاتە کاڵایەک لە دەستی عەقڵیەتی نێر و پاوانخوازدا، هەروەها ژنان لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەوە بەکاردەهێنرێن و دۆخی سیاسیش ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان دەبێت.

 

"پێویستە ژنان خۆیان بەهێزتر بکەن"

نەجاح حەنا، لە شاری حەماوە ئاماژەی بەوەدا کە سازدانی کۆنفرانسێکی ژنان بەو قەرەباڵغی و هەمەچەشنییە لە ناو قەیرانی سووریادا بە کارێکی گەورە دادەنرێت و بوونی ژنان لە باکوورەوە بۆ باشووری وڵات وا دەکات بەهێزتر بێت، زۆر گرنگە ژنان سەرەتا خۆیان ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگە لە عەقڵیەتی کاردانەوە ڕزگار بکەن و ساڵانێکی زۆری دەوێت، بۆیە پێویستە ژنان زیاتر تێکۆشان بکەن بۆ سەلماندنی خۆیان و بوونی خۆیان، بەتایبەتی لە ئامادەبوونیان لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکان کە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا بەڕێوەدەچن، چ لەسەر ئاستی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی.

 

وەهبیە واراد لە شاری درعاوە بەشدارە و ڕایگەیاند، پریشکی شۆڕش لە شارەکەیەوە بە ڕێگەی ئاشتیانە دەستی پێکردووە، نوێنەرایەتی بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکرێت کە لە ڕێگەی ئەوەوە بەشداربووان داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، بەڵام هەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بوونە هۆی ئەوەی ئەم شۆڕشە جەماوەرییە ببێتە قەیرانێکی ڕاستەقینە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە کەسییەکانیان بکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ژنانی سووریا هێز و ئیرادە و توانای زیاتریان هەبێت، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە دەستێوەردانی بیانی ڕزگار بکەن و سەلامەتی و ئارامی بڵاوبکەنەوە و ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆیان بگێڕن.