چەمچەماڵ، بە بەشداری کەسوکاری ئەنفالکراوان یادی ٣٦ ساڵەی ئەنفال کرایەوە

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و بە ئامادەبوونی کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەشێک لە نوێنەرانی حکومی و حزبی، مەراسیمی ٣٦ەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفال بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، مەراسیمی ٣٦ەمین ساڵڕۆژی ئەنفال بەڕێوەچوو و لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، لەلایەن کەسوکار و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و ئەنفال کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام درا و داوایان کرد، ڕووفاتی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێتەوەو جاش و موستەشارەکان بە سزا بگەیەندرێن، پاشان، تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان داندرا و پێشانگایەکی فۆتۆگرافەری تایبەت بە کارەساتی ئەنفال کرایەوە.

 

هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی بەشدارییان کرد و تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر مەزاری ئەنفالکراوان دانا، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز وتی: دروشمێکی دەسەڵات هەیە دەڵێن، ئەنفال ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، بەڵام بە باوەڕی ئێمە نە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و نە ویژدانی دەسەڵاتی کوردیی هەژاندووە، چونکە ئێستاش ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی و ئەنفال و کیمیاباران دەبینەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە یارمەتی ئەوانەی گوایە نوێنەرایەتی مافی مرۆڤ دەکەن لە دونیادا لە هەوڵدایە بۆ قڕکردنێکی تر، بەڵا بەداخەوە دەسەڵاتی کوردیی لە بری ئەوەی ئەزموونی لە ڕابردووی خۆت وەرگرتبێت، جارێکی تر دەبێت بە کەوا سووری بەر لەشکری داگیرکەران.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: گەلی هۆشیار دەتوانێت ڕووبەڕوو ببێتەوە، بە پشتکردن لە دەسەڵات و ڕووکردنە قوربانیان و خاوەنداریکردن لە دۆسییەکان دەتوانین پێکەوە ڕێگری لە جینۆسایدێکی دیکە بکەین.